عێراقچی: بۆ رووبەڕووبوونەوەی زەمینی ئامادەین
وەزیری دەرەوەی ئێران، تەواوی ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە باس لە وەڵامدانەوەی تاران بۆ پێشنیازە 15 خاڵییەکەی ئەمریکا دەکەن. جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی هیچ مەرجێکی پێشکەش نەکردووە و تەنیا بە ئاگربەستیش رازی نابێت، بەڵکوو داوای کۆتاییهێنانی تەواوەتی بە جەنگ لە هەموو ناوچەکەدا دەکات.
سێشەممە 31ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، کۆمەڵێک روونکردنەوەی گرنگی سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بڵاو کردەوە و رایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستا وەڵامی چاوەڕوانکراوی بۆ هیچ کامیان لەو 15 خاڵە نەبووە کە ئەمریکا پێشنیازی کردوون، هەروەها ئێمە چ مەرج یان پێشنیازێکی تایبەت بە خۆمان پێشکەش نەکردووە.
سەبارەت بەو پەیامانەی کە لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپەوە دەگەنە تاران، عێراقچی روونی کردەوە کە گەیشتنی ئەم پەیامانە بە واتای هەبوونی دانوستان نایەت. ئەو گوتی: "ئەم پەیامانە تەنیا هۆشداری یان گۆڕینەوەی بیروڕای دوولایەنەن کە لە رێگەی کەناڵە ناوچەییەکانەوە دەگەن. هیچ جۆرە دانوستانێکی فەرمی لەگەڵ هیچ لایەنێکدا لە ئارادا نییە و پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی پەیامەکانیش لەلایەن وەزارەتی دەرەوە و بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکان بەڕێوە دەچێت."
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دایە ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە ئەگەری هێرشی زەمینی و گوتی: "ئێران بۆ هەر جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەکی زەمینی لەوپەڕی ئامادەباشیدایە. هیوا دەخوازین نەیارەکانمان جارێکی دیکە تووشی هەڵەی لێکدانەوە نەبنەوە، چونکە وەڵامەکانمان چاوەڕواننەکراو دەبن."
عێراقچی کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا کە باس لە رێککەوتن بۆ ئاگربەست دەکەن و رایگەیاند: "ئێمە بە تەنیا بە ئاگربەست رازی نابین. داواکاریی سەرەکیی ئێران کۆتاییهێنانی تەواوەتی و یەکجارەکییە بە جەنگ لە سەرتاسەری ناوچەکەدا."
ئەم لێدوانانەی عێراقچی نیشانەی ئەوەن کە تاران هێشتا متمانەی بە دەستپێشخەرییەکانی ئیدارەی ترەمپ نییە و لە کاتێکدا کە هەزاران سەربازی ئەمریکی گەیشتوونەتە ناوچەکە، ئێران خۆی بۆ قۆناغێکی سەختتر لە جەنگ ئامادە دەکات.