فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازیی رووسیا لە کریمیا تێکشکا و 29 کەس گیانیان لەدەستدا
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازی لە جۆری ئەنتۆنۆڤ-26 لە کاتی گەشتێکدا لە نیوەدوورگەی کریمیا کێشاویەتی بە شاخێکدا و بەو هۆیەوە تەواوی سەرنشینەکانی کە 29 کەس بوون گیانیان لەدەستداوە.
ڕۆژی سێشەممە 31ی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی تاسی رووسی لە زاری سەرچاوە فەرمییەکانی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، کە فڕۆکەکە 23 سەرنشین و 6 ئەندامی تیمی فڕۆکەوانیی تێدا بووە و هیچ کام لەوانە لە ژیاندا نەماون. پەیوەندیی راداری لەگەڵ فڕۆکەکەدا لە درەنگانی شەوی دووشەممە بە کاتی مۆسکۆ پچڕابوو، دوای ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان، پاشماوەی تێکشکانی فڕۆکەکە لەسەر لێوارێکی شاخاوی لە نیوەدوورگەی کریمیا دۆزرایەوە.
ئاژانسی ریا نۆڤۆستی ئاماژەی بەوە کردووە، کە تیمە پسپۆڕەکانی وەزارەتی بەرگری گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە فڕۆکەکە بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە تووشی کارەسات بووە. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە نیشانی بدات فڕۆکەکە لە دەرەوە هێرشی کرابێتە سەر یان تەقێندرابێتەوە.