روبیۆ: لە جەنگی ئێراندا هێڵی کۆتایی دەبینین

روبیۆ: ئەگەر هێرشمان نەکردبا، ئێران تەنیا لە 14 رۆژ بۆمبی ئەتۆمی دروست دەکرد

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کاراییەکی بێوێنە بەرەوپێش دەچن و زۆربەی ئامانجە ستراتیژییەکان بەدەست هاتوون. جەختی کردەوە کە ئێران ئێستا لە 25 ساڵی رابردوو لاوازترە و واشنتن ڕێگری کردووە لەوەی تاران تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا ببێتە خاوەن چەکی ناوەکی.

چوارشەممە 1ـی نیسانی 2026، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ بەرنامەی "Hannity" لە کەناڵی فۆکس نیووز، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ررایگەیاند، ئێران لەلایەن کۆمەڵێک مەلا و پیاوی ئایینی رێبەرایەتی دەکرێت کە خاوەن دیدگایەکی وێرانکەر و کارەساتبارن بۆ ئایندەی جیهان.

ڕوبیۆ ئاشکرای کرد کە تاران پێشتر یۆرانیۆمی تا ئاستی 60% پیتاندبوو، و تەنیا 12 بۆ 14 رۆژی پێویست بوو تاوەکوو بیگەیەنێتە 90% و بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات، بەڵام هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەم مەترسییەیان پووچەڵ کردەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا چوار ئامانجی سەرەکیی سوپای وڵاتەکەی لەم جەنگەدا وەک "مانفێستێکی سەربازی" خستە روو، ئەوانیش تێکشکاندنی هێزی ئاسمانی، کە بە گوتەی ئەو بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەنجامدراوە، لەناوبردنی هێزی دەریایی، کە بە تەواوی جێبەجێ کراوە و ئێران توانای دەریایی نەماوە، پەکخستنی سەکۆکانی هاویشتنی مووشەک، کە لە ئێستادا هێزەکان لە قۆناغی کۆتایی تێکشکاندنیاندایە، سڕینەوەی ژێرخانی پیشەسازیی بەرگری، واتە خاپوورکردنی ئەو کارگانەی درۆن و مووشەک بۆ تاران و بریکارەکانی بەرهەم دەهێنن.

روبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هێرشانە پێویست بوون، چونکە ئەگەر ترەمپ ئەم هەنگاوەی نەنایایە، ئێران لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا توانای مووشەکی و درۆنیی خۆی دوو هێندە دەکرد و دەبووە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر خاکی ئەمریکا و ئەوروپا و گوتی: "ئێمە بینیمان کە ئەوان تەنانەت مووشەکیان ئاراستەی بنکەی 'دیێگۆ گارسیا' کرد کە هەزاران کیلۆمەتر لێیانەوە دوورە، ئەمە نیشانەی مەترسیداریی ئەو چەکانەیە کە لەبەردەستیان بووە."

سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی ئێران، روبیۆ رایگەیاند، ئابووریی ئەو وڵاتە بە تەواوی داڕماوە و خەڵکی ئێران تەنانەت بۆ دەستکەوتنی ئاوی خواردنەوەش تووشی کێشە بوون و شەقامەکاندا خۆپیشاندان دەکەن، نەک تەنیا بۆ ئازادی، بەڵکوو لەبەر نەمانی هەلی کار و بژێوی؛ تاران هەموو پارەی میللەتەکەی لە سپۆنسەرکردنی گرووپە چەکدارەکان و دروستکردنی مووشەکدا خەرج کردووە و ئێستا باجەکەی دەدات."

مارکۆ روبیۆ جەختی کردەوە، ترەمپ هەر لە یەکەم رۆژی کاندیدبوونییەوە لە ساڵی 2015، درکی بە مەترسییەکانی ئێران کردبوو، و ئێستاش بەڕێوەبردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بە یەکێک لە سەرکەوتووترین و کاراترین هەنگاوە تاکتیکییەکانی مێژووی نوێی سوپای ئەمریکا دەمێنێتەوە.

گوتیشی: ئێمە لە هێڵی کۆتایی نزیکبووینەتەوە. ئەوەی سوپاکەمان ئەنجامی دەدات، لە مێژوودا وەک یەکێک لە باشترین ئۆپەراسیۆنە تاتیکییەکان لە سەردەمی نوێدا دەمێنێتەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دا کە ئامانجی تاران ئەوە بوو ببێتە کۆریایەکی باکووری نوێ لە ناوچەکەدا، بەڵام لە ژێر دەستی کۆمەڵێک پیاوی ئایینی کە مووشەکی ئەتۆمییان ئاراستەی ئەمریکا بکردایە.

روبیۆ وەڵامی ئەو کەسانەی دایەوە کە دەڵێن دەکرا رێگری لە جەنگ بکرێت و گوتی: "هەموو دەرفەتێکمان بە ئێران دا بۆ گفتوگۆ، بەڵام ئەوان تەنیا کاتیان دەکوشت. ترەمپ رێگەی نەدا دانوستانی ساختە وەک تاکتیکێک بۆ کات کڕین بەکاربهێنرێت تا ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوەکی."

لەبارەی گەرووی هورمزەوە، ئاماژەی دا، "ئەوانەی باس لە یاسای نێودەوڵەتی دەکەن، با بزانن کە رێگریکردن لە هاتوچۆی کەشتیوانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا نایاساییە. گەرووی هورمز ئاوی نێودەوڵەتییە و کردەوەکانی ئێران بۆ ئاستەنگکردنی بازرگانی پێشێلکارییەکی راشکاوە."

روبیۆ گوتی: "من هەمیشە یەکێک بووم لە داکۆکیکارە سەرسەختەکانی ناتۆ، چونکە بڕوام وا بوو ناتۆ تەنیا بۆ بەرگریکردن لە ئەوروپا نییە، بەڵکوو رێگەی پێداوین بنکەی سەربازیمان هەبێت بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی خۆمان لە جیهاندا, بەڵام ئەگەر بگەیەنە خاڵێک کە بڵێن ناتوانن ئەو بنکانە بەکاربهێنن بۆ بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئەوا ناتۆ دەبێتە شەقامێکی یەک ئاراستە."

وەزیری دەرەوە ئاماژەی بە ساردبوونی هاوپەیمانە ئەوروپییەکان کرد و باسی لەوە کرد، "ئێمە سەربازمان لە ئەوروپا هەیە بۆ پاراستنی ئەوان، بەڵام کاتێک پێویستمان بە هاوکارییان دەبێت، تەنانەت داوای هێرشی ئاسمانیشیان لێ ناکەین، تەنیا داوای بەکارهێنانی بنکەکان دەکەین وەڵامی ئەوان نەخێرە! ئەی کەواتە بۆچی ئێمە لە ناتۆداین؟"

روبیۆ جەختی کردەوە کە دوای تەواوبوونی ئەم ململانێیە، دەبێت بە جددی پرسیاری بەهای ناتۆ بۆ ئەمریکا بکرێتەوە و گوتی: "گومانی تێدا نییە کە دوای کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە، دەبێت پێداچوونەوە بەو پەیوەندییەدا بکەین.