ئومێد خۆشناو: چوارەم درۆن ئاڕاستەی هەمان کۆگای رۆن کرا و داوای چۆڵکردنی ناوچەکەمان کردووە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، راگەیەندراوێکی بەپەلەی لەبارەی بەردەوامیی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر ناوچەیەک لە سنووری پارێزگاکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ سەرەڕای ئاگادارکردنەوەکانی پێشوویان، جارێکی دیکە هێرش کراوەتەوە سەر هەمان ئەو کۆگایەی رۆنی ئۆتۆمبێل کە پێشتر کرابووە ئامانج.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد: "لە بەیانییەوە ئەمە چوارەمین درۆنە ئاڕاستەی هەمان شوێن دەکرێت، هەر بۆیە لە پێناو پاراستنی گیانی هەمووان، فەرمانمان بە هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس و تیمەکانی بەرگریی شارستانی کردووە دەستبەجێ لە شوێنی ڕووداوەکە دووربکەونەوە."
لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەیدا، ئومێد خۆشناو داوایەکی بەپەلەی ئاڕاستەی هاووڵاتیان و دەزگاکانی راگەیاندن کرد و گوتی: "داواکارین لە هاووڵاتیانی خۆشەویست و میدیاکاران، لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی خۆیان، بە هیچ شێوەیەک لە نزیک ئەو ناوچەیە نەمێننەوە و شوێنەکە بە تەواوی چۆڵ بکەن."
ئەم هۆشدارییەی پارێزگاری هەولێر لە کاتێکدایە، مەترسیی دووبارەبوونەوەی هێرشەکان لەسەر هەمان شوێن بەردەوامییان هەیە و تیمە فریاگوزارییەکان بۆ رێگری لە هەر زیانێکی گیانی لە ناوچەکە کێشراونەتەوە.