سوپای پاسداران: گەرووی هورمز بە رووی "دوژمنان"ـدا بە داخراوی دەمێنێتەوە

سوپای پاسدارانی ئێران جەخت دەکاتەوە، کە گەرووی ستراتیژیی هورمز لە ژێر کۆنترۆڵی تەواوی ئەواندایە و رێگە بە تێپەڕبوونی کەشتی "دوژمنان" نادەن.

چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە گەرووی ستراتیژیی هورمز بە رووی "دوژمنانی" وڵاتەکەدا بە داخراوی دەمێنێتەوە. 

سوپای پاسداران، باسی لەوە کرد، "بارودۆخی گەرووی هورمز لە ژێر کۆنترۆڵی تەواو و باڵادەستی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداراندایە." 

ئەم راگەیەنراوە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردبوو، کە تەنیا لە حاڵەتێکدا بیر لە ئاگربەست دەکاتەوە کە گەرووەکە بکرێتەوە.

لەوەتەی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، سوپای پاسدارانی ئێران گەرووی هورمزی بەرووی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان داخستووە، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهان.

بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.