تاران لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی داوای ئاگربەست رەتدەکاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە فەرمی ئەو لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای رەتکردەوە کە تیایدا ئاماژەی بەوە کردبوو تاران داوای ئاگربەستی کردووە.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "هیچ راستییەک بۆ ئەو دەنگۆیانە نییە کە باس لەوە دەکەن ئێران داوای ئاگربەستی لە ئەمریکا کردبێت".

ئەم کاردانەوەیەی تاران دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە: "رێبەری نوێی ئێران کەمتر توندڕەوە و زیرەکترە لەوانەی پێش خۆی، هاوکات داوای لە ئەمریکا کردووە ئاگربەست رابگەیەنرێت".

ترەمپ لە پۆستەکەیدا بە زمانێکی توند نووسیبووی: "ئێمە کاتێک سەیری ئەو بابەتە دەکەین کە گەرووی هورمز بە تەواوی کراوە بێت و هیچ بەربەستێکی تێدا نەمێنێت، تاوەکو ئەو کاتە ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکشکاندنی ئێران".

ئەم لێدوانە دژبەیەکانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن  و تاران لە ناوچەکەدا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.