ئێران 4 مەرجی سەرەکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ رادەگەیەنێت
تاران ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ قبووڵکردنی رووسیا وەک نێوەندگیر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ئاشتی بەندە بە کۆتاییهێنان بە "کردەوە تیرۆریستییەکان" و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان.
چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، کازم جەلالی، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مۆسکۆ، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "تاس"ـی رووسی رایگەیاند؛ تاران بۆ وەستاندنی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، چوار داواکاریی سەرەکی هەیە کە بریتین لە:
1-وەستاندنی یەکجاری و تەواوەتی دەستدرێژی و کردەوە تیرۆریستییەکان.
2-پێدانی گرەنتی جیدی و باوەڕپێکراو بۆ دووبارەنەبوونەوەی شەڕ.
3-قەرەبووکردنەوەی تەواوەتی زیانە ماددی و مەعنەوییەکان.
4-رێزگرتن لە دەسەڵاتی دادوەری و سەروەریی ئێران لە گەرووی هورمز بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریایی نێودەوڵەتی.
جەلالی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێران هەمیشە پێشوازی لە هەوڵە راستگۆیانەکان کردووە بۆ چەسپاندنی ئارامی لە ناوچەکەدا، بەڵام جەختی کردەوە کە هەر دەسپێشخەرییەک بۆ ئاشتی دەبێت رەچاوی راستییەکانی سەر زەوی و مەرجە یاسایی و سیاسییەکانی تاران بکات.
باڵیۆزی ئێران باسی لەوەش کرد، کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پیادەکردنی مافی رەوای بەرگری لەخۆکردن تا بنبڕکردنی هەڕەشەکان.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆش، رایگەیاند: کە تاران بایەخێکی زۆر بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی دەدات و پێشوازی لە هەر رۆڵێکی نێوەندگیریی رووسیا دەکات کە خزمەت بە سەقامگیری ناوچەکە بکات.
بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.