زە ئەتلانتیک: ئەمریکا پلانی بۆ دوو هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران هەیە
گۆڤاری "زە ئەتلانتیک"ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا خەریکی داڕشتنی پلانی دوو هێرشی زەمینی ئەگەرین بۆ سەر ئێران، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر پەسەندکردنی هیچ کام لەو پلانانە نەداوە.
چوارشەممە 1ـی نیسانی 2026، گۆڤاری زە ئەتلانتیک ئاشکرایکرد، ئەمریکا سەرقاڵی داڕستنی دوو پلانی زەمینییە بۆ سەر ئێران، بەڵام جێبەجێکردنی ئەو پلانانە پێویستی بە رەزامەندی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەیە و هێشتا ترەمپ رەزامەندی لەوبارەیەوە نیشان نەداوە، بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو دوو هێرشە زەمینییەی پلانەکەیان بۆ دانراوە بەم شێوەیەن:
1- هێرشی یەکەم: ئامانج لێی دەستبەسەرداگرتن یان لێدانی "دوورگەی خارگ"ـە.
2- هێرشی دووەم: ئۆپەراسیۆنێکە بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی "یۆرانیۆمی پیتێنراو"ی ئێران.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنانە گرەنتی ئەوە ناکەن کە جەنگەکە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا کۆتایی پێ بێت، هەروەها دڵنیایی نادەن لە رووخانی رژێمی ئێران یان کردنەوەی گەرووی هورمز.
لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئێران لە ئێستادا هەموو شتێکی دۆڕاندووە و بە نهێنی هەوڵی ئیمزاکردنی رێککەوتن دەدات، بەڵام میدیاکان تیشک ناخەنە سەر ئەو هەوڵانە، ترەمپ جەختیشی کردەوە، ئەگەر ئەمریکا دەستوەردانی سەربازیش بکات، تەنیا بۆ ماوەی دوو بۆ سێ هەفتە لە ئێران دەمێنێتەوە.
هاوکات رۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، حکوومەتی تەلئەڤیڤ فشارێکی زۆر دەخاتە سەر ترەمپ بۆ ئەوەی پێش دەستپێکردنی هەر دانوستانێک لەگەڵ تاران، ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی کورت و بەهێز دژی ئێران ئەنجام بدات.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ڕۆژنامەکە، ئیسرائیل دەترسێت واشنتن پێش تێکشکاندنی تەواوەتی تواناکانی ئێران بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ، بۆیە هانی ئەمریکا دەدات بۆ دەستوەردانێکی زەمینی سنووردار و ئامادەیی خۆشی نیشانداوە بۆ هاوکاری هەواڵگری و لۆجستی لەو هێرشەدا.