سێنتکۆم: مارێنز ئامادەیە بۆ جەنگی ئێران

فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا سێنتکۆم رایگەیاند، نزیکەی 3500 دەریاوان و سەربازی هێزی مارێنز  لەسەر پشتی کەشتیی جەنگی "یو ئێس ئێس تریپۆلی" لە ناوچەی بەرپرسیارێتیی ئەواندا لە مەشق و راهێنانی رۆژانەی بەردەوامدان.

چوارشەممە 1ـی نیسانی 2026، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا سێنتکۆم، رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا و بە تایبەت مارێنز لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشی جەنگیدان و ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێک، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە ئاڵۆزییەکی سەربازی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکردووە، کەشتیی جەنگی "یو ئێس ئێس تریپۆلی" لە 27ـی ئاداردا گەیشتووەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و 3500 سەربازی مارێنزی هەڵگرتووە، جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە ستراتیژی بەهێزکردنی بوونی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبینرێت، هاوکات لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی بژاردە سەربازییەکانە لە بەرانبەر ئێران.

بەگوێرەی راپۆرتێکی "سی ئێن ئێن"، پێنتاگۆن بەنیازی بڵاوکردنەوەی یەکەیەکی تایبەتی گەڕان و پشکنینی هێزەکانی مارێنزە لە ناوچەکەدا، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم یەکانە بۆ چەندین مەبەستی جیاواز بەکاردێن، لەوانە ئۆپەراسیۆنی چۆڵکردن و گواستنەوەی فراوان، ئۆپەراسیۆنی دەریایی و وشکانی و دابەزینی سەربازی، هەروەها هێرشبردن و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی جەنگی وشکانی و ئاسمانی.  

لەمبارەیەوە سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، هەبوونی ئەم یەکانە لە ناوچەکەدا، بژاردەی زیاتر و هەمەجۆر دەداتە دەست فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر سیناریۆیەک کە لە ئاییندەدا بێتە پێشەوە.