بلومبێرگ: ترەمپ، جەی دی ڤانسی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران راسپاردووە
ئاژانسی بلومبێرگ ئاشکرای کرد، سەرۆکی ئەمریکا، جێگرەکەی راسپاردووە بۆ ئەوەی لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیوەندی بە ئێرانەوە بکات، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەگەری بۆ وەستاندنی جەنگ.
چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی "بلومبێرگ" بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، جەی دی ڤانسی جێگری راسپاردووە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە بەرپرسانی ئێرانەوە بکات.
بە گوێرەی سەرچاوەکان، دی ڤانس دوێنێ لەگەڵ نێوەندگیرە پاکستانییەکان دەربارەی جەنگی ئێران قسەی کردبوو.
بلومبێرگ ئاماژەی بەوەش کردووە، ترەمپ ئەرکی بە ڤانس سپاردووە تاوەکو تاران لە ئامادەیی واشنتن بۆ ئاگربەست ئاگادار بکاتەوە، بەو مەرجەی ئێران چەند داواکارییەکی دیاریکراو جێبەجێ بکات.
لە لایەکی دیکەوە، پێگەی هەواڵی "ئەکسیۆس" لە زاری سێ بەرپرسی ئەمریکییەوە ئاشکرای کردووە، کە گفتوگۆکان دەربارەی رێککەوتنێکی ئەگەری بەردەوامن، کە تێیدا ئاگربەست لە بەرانبەر دووبارەکردنەوەی گەرووی هورمزدا دەبێت.
هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس" لە پەیامێکدا رایگەیاندبوو، "تەنیا لە یەک کاتدا بیر لە داواکارییەکەی ئێران دەکەنەوە، ئەویش کردنەوەی گەرووی هورمزە بە شێوەیەکی ئازاد و بێ کێشە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، بۆ 33 رۆژ لەسەر یەک بەردەوامە و ئاڵوگۆڕی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان چڕتر بووەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.