عێراقچی: تاران ئاگربەستی کاتی رەت دەکاتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە وڵاتەکەی بە هیچ جۆرە ئاگربەستێکی کاتی رازی نابێت و داوای کۆتاییهێنانی تەواوەتی بە جەنگ لە سەرتاسەری ناوچەکەدا دەکات. جەختی کردەوە کە تاران پێویستی بە گەرەنتی بڕیاردەر و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان هەیە پێش ئەوەی بچێتە ناو هەر جۆرە دانوستانێکەوە، هاوکات هۆشداریی لەبارەی داخستنی گەرووی هورمز بەڕووی دوژمنانی وڵاتەکەی دا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی سەبارەت بە دەسپێشخەرییەکانی ئاشتی راگەیاند. عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە متمانەیەکی زۆر کەم لە نێوان تاران و نەیارەکانیدا هەیە و گوتی: "بۆ ئەوەی هەر جۆرە گفتوگۆیەک بەرەو پێش بچێت، پێویستمان بە گۆڕانکاریی جددی هەیە. ئێران هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە کە ئایا دەچێتە ناو دانوستانەکانەوە یان نا."

وەزیری دەرەوەی ئێران مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ راگرتنی شەڕ خستە ڕوو، کە گرنگترینیان بریتییە لە کۆتاییهێنانی یەکجاری بە شەڕ لە هەموو ناوچەکەدا، نەک تەنیا ئاگربەستێکی کاتی. هەروەها داوای گەرەنتییەکی نێودەوڵەتیی بەهێزی کرد بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هێرش نەکرێتەوە سەر ئێران، شانبەشانی پێدانی قەرەبووی تەواوی ئەو زیانە مادی و مرۆییانەی کە لە ماوەی مانگی رابردوودا بەر گەلی ئێران کەوتوون.

عێراقچی بە توندی رەخنەی لە سیاسەتەکانی واشنتن گرت و رایگەیاند کە ئیدارەی ئەمریکا بە بەکارهێنانی زمانێکی پڕ لە مۆڵەت و هەڕەشە، بارودۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە و گرژییەکانی گەیاندووەتە لووتکە. گوتی: "ئەم جۆرە رەفتارانە هیچ کات ئێران ناچار بە پاشەکشە ناکەن."

سەبارەت بە ئاسایشی دەریاوانی و جووڵەی کەشتییەکان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەرووی ستراتیژیی هورمز لە ژێر کۆنترۆڵی هاوبەشی ئێران و عوماندایە. ئەو بە راشکاوی هۆشداری دا، رێگە بە تێپەڕبوونی کەشتیی ئەو وڵاتانە نادرێت کە ئێستا لە جەنگدان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام کەشتیی وڵاتانی دیکە دەتوانن بە هەماهەنگی ڕێڕەوەکە بەکاربهێنن.