ترەمپ بۆ ئەوروپا: بەشداری لە کردنەوەی گەرووی هورمز نەکەن چەک نادەین بە ئۆکرانیا
رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"ـی بەریتانی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی راگرتنی ناردنی چەکی بۆ ئۆکرانیا کردووە، ئەگەر هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ئەمریکا بەشداری نەکەن لە هەوڵەکان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز.
چوارشەممە 1ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"ـی بەریتانی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاندووە، مانگی رابردوو ترەمپ داوای لە هێزە دەریاییەکانی ناتۆ کردووە هاوکاری ئەمریکا بکەن لە کردنەوەی گەرووی هورمز، بەڵام ئەوروپییەکان داواکەیان رەتکردووەتەوە، ئەوان دەڵێن لە کاتی بەردەوامیی ململانێکاندا ئەو کارە مەحاڵە و چەند وڵاتێکیش ئاماژەیان بەوە کردووە، "ئەمە جەنگی ئێمە نییە".
بەرپرسانی بەریتانیا پشتڕاستیان کردووەتەوە، لەسەر ئاستی سەربازی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا هەبووە بۆ پاراستنی گەرووەکە پێش 19ـی ئادار، بەڵام رەتیان نەکردووەتەوە کە واشنتن هەڕەشەی بڕینی پشتگیرییەکانی ئۆکرانیای کردبێت بۆ فشارخستنە سەر هاوپەیمانەکانی ناتۆ.
لای خۆیەوە، ئانا کێڵی، جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: "دۆناڵد ترەمپ بێئومێدیی خۆی لە ناتۆ و هاوپەیمانەکانی دیکە دەربڕیوە، هەروەک سەرۆک جەختی لێکردووەتەوە، ئەمریکا ئەم هەڵوێستەی لەبیر دەمێنێت".
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، چەندین جار بێزاریی خۆی نیشانداوە کە ئەوروپییەکان لە جەنگی دژی ئێراندا هاوکارییەکی ئەوتۆی ئەمریکا ناکەن، لە کاتێکدا ئەو پێیوایە جەنگی ئۆکرانیا کێشەیەکی ئەوروپییە و دەبێت خۆیان تێچووەکانی لەئەستۆ بگرن، بەڵام جەنگی ئێران و پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە.