36 وڵات بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز کۆدەبنەوە
نوێنەرانی 36 وڵاتی جیهان لە بەریتانیا کۆدەبنەوە بە مەبەستی زیادکردنی فشارە دیپلۆماسی و سیاسییەکان بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز کە وەکو رێڕەوێکی ستراتیژیی جیهانی بەهۆی گرژی و جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران پەکیکەوتووە.
پێنجشەممە 2ـی نیسانی 2026، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئەم کۆبوونەوەیە بە شێوەی "ڤیدیۆ کۆنفرانس" دەبێت و لەلایەن ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە سەرۆکایەتی دەکرێت، هەروەها ئامانجی کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندنی هەموو رێکارە دیپلۆماسی و سیاسییە گونجاوەکانە بۆ گەڕانەوەی ئازادی دەریاوانی، دەستەبەرکردنی سەلامەتی کەشتییەکان و دەریاوانە گیراوەکان و دەستپێکردنەوەی جووڵەی کاڵا سەرەکییەکان".
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و هەڕەشە بەردەوامەکان، بووەتە هۆی پەککەوتنی نیمچە تەواوی جووڵەی کەشتیوانی لەم گەرووەدا کە کەنداو بە زەریاکانی جیهانەوە دەبەستێتەوە، ئەم دۆخە بووەتە هۆی پچڕانی رێگای سەرەکی گواستنەوەی نەوتی جیهانی و بەرزبوونەوەی خێرای نرخەکانی خاو.
ئەوەی جێگای سەرەنجە، ئەمریکا لەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆدا بەشدار نابێت، پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، پاراستنی گەرووی هورمز ئەرکی ئەمریکا نییە و داوای لە هاوپەیمانەکانی کردبوو کە خۆیان هەوڵ بدەن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی نەوتەکەیان.
لە ئێستادا هیچ وڵاتێک ئارەزووی بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ کردنەوەی گەرووەکە نیشان نادات، ئەمەش بەهۆی توانای ئێران لە بە ئامانجگرتنی کەشتییەکان لە رێگەی مووشەکی دژە کەشتی، درۆن و مینە دەریاییەکانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ستارمەر ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا پلاندانەرە سەربازییەکانی چەند وڵاتێک کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی دەستەبەرکردنی ئاسایشی دەریاوانی "دوای وەستانی جەنگ".