هەناردەی سووتەمەنی ئەمریکا لە مانگی ئاداردا ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کرد

هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانی پاڵاوگەکانی ئەمریکا لە مانگی ئاداری رابردوودا گەیشتە بەرزترین ئاست لە مێژووی خۆیدا، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە گرژییە سەربازییەکان لەگەڵ ئێران و داخرانی نیمچە تەواوی گەرووی هورمز، وڵاتانی ئەوروپا، ئاسیا و ئەفریقای ناچار کردووە بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەدا بگەڕێن بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی دابینکردنی سووتەمەنی.

پێنجشەممە 2ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی داتاکانی خزمەتگوزاری کەپلەر بۆ شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان، هەناردەی بەرهەمە نەوتییە خاوێنەکانی ئەمریکا کە بەنزین، گازوایل و سووتەمەنی فڕۆکە دەگرێتەوە لە مانگی ئاداردا گەیشتووەتە نزیکەی 3.11 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمە لەکاتێکدایە کە لە مانگی شوباتدا 2.5 ملیۆن بەرمیل بووە، هاوکات ئەمەش بەرزترین ئاستی مانگانەیە لەوەتەی ساڵی 2017ـەوە کە کۆمپانیای کەپلەر دەستی بە تۆمارکردنی داتاکان کردووە.

داتاکان ئاماژە بەوەش دەکەن، هەناردەی سووتەمەنی ئەمریکا بۆ ئەوروپا بە رێژەی 27% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 414 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، هەروەها هەناردە بۆ ئاسیا زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە 224 هەزار بەرمیل، لەکاتێکدا هەناردە بۆ کیشوەری ئەفریقا بە رێژەی 169% هەڵکشاوە و گەیشتووەتە 148 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

مات سمیس، شرۆڤەکاری باڵا لە کۆمپانیای کەپلەر، رایگەیاند: "ئەم گۆڕانکارییانە لە جووڵەی سووتەمەنیدا رەنگدانەوەی کەمیی دابینکردنە لە بازاڕە جیهانییەکاندا، هەرچەندە گرژییەکانی گەرووی هورمز درێژە بکێشێت، کێشەکان لەسەر ئاستی جیهان قووڵتر دەبنەوە و وڵاتان ناچار دەبن رێڕەوی بازرگانی نوێ و دوورمەودا بکەنەوە".

هاوکات، داتا حکوومییەکانی ئەمریکا کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکرانەوە، نیشانی دەدەن کە خواست لەسەر بەنزین لە ناوخۆی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا گەیشتووەتە 8.69 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 191 هەزار بەرمیل زیادیکردووە، هەروەها خواست لەسەر گازوایل و سووتەمەنی فڕۆکەش لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخەکانیان.

ئەم بەرزبوونەوەی نزخ و هەناردەیەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، ئێران لە ئێستادا رێگری لە جووڵەی کەشتیگەلی بازرگانی لە گەرووی هورمز دەکات، کە پێنجیەکی هەناردەی نەوت و سووتەمەنی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، نەمانی ئەم بڕە زۆرەی وزە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان لە کارگە و دامەزراوەکانی ئەو ناوچانە، ئەمەش نرخی سووتەمەنی بەرز کردووەتەوە و هۆشداری دەدرێت لە ئەگەری سستی لە گەشەی ئابووری جیهانی.