ئیسرائیل: هەموو ئامانجە ستراتیژییەکانی ناو ئێرانمان لەکار خستووە

رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت"ـی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەیان رۆژی چوارشەممە هێرشە پلانداڕێژراوەکانی بۆ سەر پیشەسازییە سەربازییەکان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران تەواو کردووە، بەرپرسەکە جەختی کردووەتەوە، تەواوی ئەو شوێنانەی پێشوەختە وەک ئامانجی ستراتیژی و زیندوو دەستنیشان کرابوون، ئێستا بە تەواوی لەکار خراون.

پێنجشەممە 2ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت"ـی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، ئۆپراسیۆنەکە راستەوخۆ توانای تارانی بۆ پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی و بەرنامە ئەتۆمییەکەی کردووەتە ئامانج، هەروەها دەڵێت،" قەبارەی ئەو وێرانکارییەی بەر دامەزراوەکان کەوتووە رێگر دەبێت لەوەی حکوومەتی ئێران بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بتوانێت توانای سەربازی و تەکنیکیی خۆی لەو شوێنانەدا ببوژێنێتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، هێرشەکانی ئیسرائیل تەنیا ناوچە پیشەسازییەکانی دەوروبەری شارەکانیان نەگرتووەتەوە، بەڵکو ئامانجی گرنگ و پێگە ستراتیژییەکان لە ناو جەرگەی تارانی پایتەختیش کراونەتە ئامانج.

هاوکات سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام رایگەیاند: "هێزی ئاسمانی بە پشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگری، شەپۆلێکی فراوانی هێرشی ئەنجامداوە کە تیایدا دەیان بنکەی ژێرخانی سەربازیی رژێمی ئێرانی لە ناوەندی تاران پێکاوە".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، سوپای ئیسرائیل توانای کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەکی ئێرانی لاواز کردووە، بە جۆرێک 15 بنکەی دروستکردنی چەک کراونەتە ئامانج، لە نێویاندا کۆمەڵگەیەکی ناوەندیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران کە تایبەت بووە بە بەرهەمهێنانی مووشەکی دژە فڕۆکە و درۆن.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی تەنیا دوو رۆژی رابردوودا، هێرشیان کردووەتە سەر نزیکەی 400 ئامانجی جیاواز لە ناو خاکی ئێران، لەوانە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی.