زیاتر لە دوو هەزار پارچەزەوی لە سنووری فەیدیێ دابەش کران

پارێزگاری دهۆک دەستپێکردنی قۆناغی پێنجەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەویی بەسەر فەرمانبەران و پێشمەرگەدا راگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02ـی نیسانی 2026، لە چوارچێوەی بەردەوامیی پرۆسەی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران و پێشمەرگە؛ د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە ئامادەبوونی هەدار عەبدولمەجید، داواکاری گشتی لە پارێزگاکە و دژوار شەوکەت، قایمقامی قەزای سێمێل و دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان، قۆناغی پێنجەمی دابەشکردنی 2128 پارچەزەویی لە سنووری ناحیەی فەیدیێ بە شێوەی تیروپشک راگەیاند.

پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا روونی کردەوە، پرۆسەکە بەردەوامە و لە قۆناغەکانی رابردوودا 4018 پارچەزەوی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان دابەش کراون. 

ئاماژەی بەوەش کرد، 3075 پارچەزەویی دیکە لە سنووری قەزا و ناحیەکان ئامادەکراون، لەگەڵ گرتنەبەری رێکار بۆ ئامادەکردنی 13 هەزار زەویی دیکە.

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ئەوەشی خستە روو، پرۆسەکە بە شێوەیەکی یاسایی و بەپێی مێژووی رەزامەندی لەسەر ناوی فەرمانبەران بەڕێوە دەچێت.

 هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد، بەردەوام کار لەسەر ئامادەکردنی زەوی بۆ دابەشکردن و جێبەجێکردنی رێکار و رێنماییەکانی تۆمارکردن و تاپۆکردنی ئەو پارچەزەویانە بکەن، بۆ ئەوەی لە رێگەی لینکێکی ئەلیکترۆنییەوە بە خێرایی ناوی سوودمەندبووان بڵاو بکرێتەوە.

پرسی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا، یەکێکە لە بڕیارەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتکردنی ئەو فەرمانبەرانەی تاوەکو ئێستا لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون.

 لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رێکارەکانی ئامادەکردنی نەخشەی کەرتیی تەواو کردووە و لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دەست بە دابەشکردنی زەوی کراوە بۆ ئەوەی خزمەت بە دۆخی نیشتەجێبوون بکرێت.

پارێزگای دهۆک یەکێکە لەو پارێزگایانەی بە شێوەیەکی خێرا رێکارەکانی جێبەجێ کردووە و تاوەکو ئێستا چەندین قۆناغی دابەشکردنی زەویی بەسەرکەوتوویی تێپەڕاندووە، ئەمەش وەک هەوڵێکی گرنگ بۆ باشترکردنی باری گوزەرانی فەرمانبەران و پێشمەرگە و چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون لە ناوچەکەدا سەیر دەکرێت. 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دابینکردنی رووبەری پێویست بۆ شارەوانییەکان بۆ ئەوەی هەموو فەرمانبەرێکی شایستە مافی خۆی بەدەست بهێنێت.