عەزیز ئەحمەد: زۆرینەی هاووڵاتییان لە پرۆژەی رووناکی رازین

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: کە پڕۆژەی رووناکی سەرکەوتووانە توانیویەتی تێچووی کارەبا بۆ زۆرینەی هاووڵاتییان کەم بکاتەوە، بە جۆرێک 80%ـی هاوبەشان ئێستا پارەیەکی کەمتر لە جاران دەدەن.

پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، تیشکی خستە سەر پێشکەوتن و کاریگەرییەکانی "پرۆژەی ڕووناکی" و رایگەیاند، پڕۆژەکە بووەتە هۆی ئەوەی 80ـ%ـی هاووڵاتییان کەمتر لە جاران پارەی کارەبایان بۆ بێتەوە. 

ئاماژەی بەوەش کرد، لە مانگی شووباتدا نزیکەی نیوەی هاوبەشانی پڕۆژەکە تەنیا بڕی 36 هەزار دینار پسوولەیان بۆ گەڕاوەتەوە، ئەمەش نیشانەی گونجانی هاووڵاتییانە لەگەڵ سیستەمە نوێیەکە و دوورکەوتنەوە لە زێدەڕۆیی.

سەبارەت بە شەفافیەتی نرخەکان، عەزیز ئەحمەد جەختی کردەوە، کە هیچ بنەمایەک بۆ ئەو دەنگۆیانە نییە کە باس لە جیاوازیی نرخ دەکەن بۆ هەمان یەکە لە نێوان هاوبەشاندا. 

لە بارەی بڕینی کارەبا لە کاتی نەدانی کرێکەیدا، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران روونی کردەوە، کە سیستەمەکە بە شیوازێکە کە هیچ هاووڵاتییەک دەمودەست کارەبای لێ نابڕدرێت، بەڵکو 50 رۆژ دەرفەتی پێ دەدرێت و سێ جار ئاگادار دەکرێتەوە، ئەگەر لەو ماوەیەدا پابەند نەبوو، ئەو کاتە سیستەمەکە بە شێوەیەکی خۆکارانە کارەباکەی دەبڕێت. 

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هاوبەشانەی کە بەهۆی نەدانی کرێی کارەبا کارەباکایان دەبڕدرێت، دوای ئەوەی پارەی کرێکە دەدەن، زۆرینەیان ماوەی 24 کاتژمێردا کارەبایان بۆ دێتەوە، بەڵام رێژەیەکی زۆر کەمیان درەنگتر کارەباکەیان بۆ دەگەڕێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هەندێک جار کێشە دەکەوێتە نێو سیستەمەکەوە.

عەزیز ئەحمەد، لە بارەی پارێزگای دهۆکەوە ئامارێکی نوێی خستە ڕوو و گوتی: "تا ئێستا 700 هەزار هاوبەش لە دهۆک سوودمەندن لە کارەبای 24 کاتژمێری و زۆرینەیان لە پرۆژەکە رازین.

هەروەها ئاشکرای کرد، کە بەهۆی ئەو داشکاندنانەی حکوومەت لە پڕۆژەی رووناکیدا کردوویەتی، نزیکەی 10 ملیار دینار بۆ گیرفانی هاووڵاتییان گەڕاوەتەوە.

لە رووی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانەوە، عەزیز ئەحمەد رایگەیاند: کە لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت بەردەست دەبێت کە رێگە بە هاووڵاتییان دەدات راستەوخۆ بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان بکەن و بڕی بەکارهێنانی کارەباکەیان ببینن. 

دەشڵێت: لە مانگی داهاتووەوە لە سیستەمی "ئی-پسوولە" خزمەتگوزاری نوی بەردەست دەبن. هاوکات گوتیشی: کە سەنتەری خزمەتگوزاریی پرۆژەی رووناکی بە 1992 رۆژانە وەڵامی داواکارییەکانی هاووڵاتییان دەداتەوە و کێشەکانیان بۆ چارە دەکەن.

لە چوارچێوەی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان لە کەرتی کارەبا، عەزیز ئەحمەد رایگەیاند: کارکردن بۆ دروستکردنی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت بە ناوی (رووناکی) بەردەوامە و لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا دەکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان.

دەشڵێت: لە رێگەی ئەم ئەپڵیکەیشنەوە، هاوبەشان دەتوانن بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ئۆنلاین، بڕی بەکارهێنانی کارەباکەیان ببینن و داواکاری و کێشە تەکنیکییەکانیان تۆمار بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە مانگی داهاتووەوە چەند خزمەتگوزارییەکی نوێ بۆ سیستەمی "ئی-پسوولە" زیاد دەکرێت. ئەم هەنگاوە دەرفەت بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنێت بە ئاسانی لە بڕی یەکە بەکارهاتووەکانی کارەبا ئاگادار بن و لە هەمان کاتدا پڕۆسەی پارەدانی کرێی مانگانەی کارەبا بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی و خێرا ئەنجام بدەن.

جەختیشی کردەوە، کە سیستەمی پرۆژەی رووناکی بە جۆرێک رێکخراوە کە هەر 30 رۆژ جارێک پسوولەی کارەبا بۆ هاوبەشان دەگەڕێتەوە.

سەبارەت بە لایەنی دارایی و پاڵپشتیی حکوومەت، عەزیز ئەحمەد ئاشکرای کرد کە بەهۆی ئەو داشکاندنانەی لە لایەن حکوومەتەوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا جێبەجێ کراون، تا ئێستا نزیکەی 10 ملیار دینار بۆ هاووڵاتییان گەڕاوەتەوە. 

هەروەها گوتی: "هەر گەڕەکێکی نوێ کە دەچێتە ناو پڕۆژەکەوە، بە سێ شێوازی جیاواز داشکاندن بۆ هاوبەشانی دەکرێت."

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا لەگەڵ تیمە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردن بۆ ئەوەی داشکاندنێکی دیکە لە کرێکی کارەبا بۆ هاووڵاتییان رابگەیەنین، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە پێویستی بە وردبینی کۆتایی و رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە روو، کە بڕیار دراوە لەمەودوا لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان، پێوەری کارەبا بە خۆڕایی بۆ هاوبەشان دابنرێت و هیچ بڕە پارەیەکیان لە بەرانبەر دانانی پێوەرەکان لێ وەرنەگیرێت.

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئەوەشی ئاشکرای کرد، کە لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەرییەکی نوێ و بەرفراوان رادەگەیەنێت بە مەبەستی پشتگیریکردنی هاووڵاتییان لە بابەتی دابینکردن و دانانی "گیزەر و سیستەمی سۆلەر" (وزەی خۆر).

زانیاری لە بارەی پرۆژەکە

پرۆژەی ڕووناکی، پرۆژەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە، هاووڵاتییان سوودمەند دەبن لە کارەبای بەردەوام و مانگانە یەک پسوولەیان دەبێت کە بڕەکەی بە گوێرەی بەکارهێنان دیاریی دەکرێت.

رۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لە کاتی سەردانیکردنی گەڕەکی شادی لە هەولێر، پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند.