سەردار گرووپ: زیانەکانمان بە پێنج ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێن
کۆگایەکی رۆنی ئۆتۆمبێلی کۆمپانیای "سەردار گرووپ" لە هەولێر، لە رێگەی چوار درۆنەوە بۆردومان کرا و بەو هۆیەشەوە زیانێکی زۆری ماددی بەر کۆمپانیاکە کەوتووە و ئاگرێکی گەورە لە ناوچەکە کەوتووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، هێرشەکە لە رێگەی چوار درۆنەوە ئەنجامدراوە و دوکەڵی ئاگری کۆگاکە بە بەرزیی چەندین مەتر بە ئاسمانەوە بینراوە، بەهۆی گەورەیی ئاگرەکە و جۆری ئەو ماددانەی لە کۆگاکەدا بوون (رۆن و گریس)، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە نەیانتوانیوە بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کۆگاکە بە تەواوەتی لەناو بچێت.
دەشتی عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی "سەردار گرووپ" لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند،"ئەم شوێنە تەنیا کۆگایەکی رۆنی ئۆتۆمبێلی جۆری (کاسترۆڵ) و گریس بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە هیچ لایەنێکی سیاسی یان سەربازییەوە نییە. کۆمپانیاکەمان کۆمپانیایەکی مەدەنی و بازرگانییە و لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لقی هەیە."
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، کە زیانە ماددییەکانی ئەو هێرشە بە نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
ئەم هێرشە لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە هێرشانەدایە کە گرووپە لەیاسادەرچووەکان ماوەیەکە دەیکەنە سەر هەرێمی کوردستان، خاوەنکاران و بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، ئامانجی ئەم هێرشانە تێکدانی رەوشی ئەمنی و ئابووری و پیشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانە.
هاوکات، خاوەنکاران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەن سنوورێک بۆ ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانە دابنێت و ڕێگری لەم هێرشانە بکات، چونکە زیانی ڕاستەوخۆ بە ژیانی هاووڵاتییان و کەرتی بازرگانی دەگەیەنن.
لای خۆشیانەوە، سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو جەنگ و ململانێیانەی لە ناوچەکەدا هەن، بەڵام گرووپە چەکدارەکان بەردەوامن لە بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و ناوەندە بازرگانییەکان.