ئێران وردەکاری هێرشەکانی ئەمڕۆی بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاشکرا کرد
گوتەبێژی بارەگای ناوەندی خاتەمولئەنبیا لە ئێران رایگەیاند، بنکە و دامەزراوەکانی ناوچەکە لە لایەن تارانەوە کراونەتە ئامانج.
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای ناوەندی خاتەمولئەنبیا لە راگەیەنداراوێکدا ئامژەی دا، " شەپۆلی 90می ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستگۆ4، پیشەسازییەکانی پۆڵا و ئاسن و ئەلەمنیۆمی ئەمریکی کە دەکەونە شاری ئەبوزەبی و بەحرەین کردۆتە ئامانج، جگە لە پیشەسازییە سەربازییەکانی سەر بە کۆمپانیای ئیسرائیلی (رافائیل) و بنکەی ئەمریکییەکان لە نزیک شاری مەنامە."
گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا ئاماژەی بەوەشکرد، شوێنەکانی بنکەی ئاسمانی تەل نوف و پاڵماجیم و بن گوریۆن و ناوەندەکانی کۆکردنەوەی هێزی سەربازی لە تەلئەڤیڤ، حەیفا، ئیلات، نەقەب بیئر سەبع کرانە ئامانج، جگە لە بنکەکانی سوپای ئەمەریکا لە ئەحمەد جابر و عەلی سالم و خەرج، ئەم شوێنانە بە مووشەکی بالیستی قورس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرانە ئامانج، گوتیشی: سیستەمی راداری ئاگادارکردنەوە لە بنکەی زەفرا لە ئیمارات بە وردی لێدرا و بە تەواوی لەناوچوو.
ئیبراهیم زولفەقاری لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوژمن لە ئاسمانی شیراز خرانە خوارەوە، هەروەها فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانێکی دیکە لە باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە خراوەتە خوارەوە، هەروەها پێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئەمریکا لە بنکەی ئەزرەق لە ئوردن بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرانە ئامانج."
گوتەبێژەکە هەڕەشەی لە ئەمریکا و ئیسرائیل کرد بە لێدانی توندتر و ئازاربەخشتر، جەختی لە پێویستی دوورکەوتنەوە لە دانیشتوان لە ناوەندە ئابووری و پیشەسازییەکان و کۆمپانیاکانی پەیوەست بە ئەمریکا و ئیسرائیل کردەوە.