نرخی گازوایل لە ئەوروپا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد
نرخی گرێبەستە ئایندەییەکانی سووتەمەنی گازوایل لە بازاڕەکانی ئەوروپا بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2022ەوە بەربەستی 200 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕاند، ئەم هەڵکشانە کتوپڕە دوای پەرەسەندنی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران دێت کە بازاڕەکانی وزەی جیهانی بەتەواوی هەژاندووە.
لە بۆرسەی (ICE Futures Europe)، نرخی هەر تەنێک گازوایل گەیشتە 1498 دۆلار، کە دەکاتە زیاتر لە 200 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش بازدانێکی خێرایە بە رێژەی %9.7 تەنیا لە یەک رۆژدا، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردووەوە، نرخی گازوایل لە ناوچەکەدا نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە.
ئەوروپا بڕێکی کەمتر لەو گازوایلە بەرهەم دەهێنێت کە بەکاری دەهێنێت، بۆیە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت، بەتایبەتی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بەپێی ئاژانسی بلومبێرگ، ئەوروپا رۆژانە زیاتر لە شەش ملیۆن بەرمیل گازوایل بۆ کەرتەکانی گواستنەوە، بارھەڵگر و بونیادنان بەکاردەهێنێت، دوای سزاکانی سەر رووسیا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێنی رووسیای گرتەوە وەک دابینکاری سەرەکی سووتەمەنی بۆ ئەوروپا.
ئەم تەنگژەیەی نرخەکان لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران هەڕەشە لە رێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە دەکات لە گەرووی هورمز، کە خاڵێکی ستراتیژییە و پێنج یەکی نەوت و گازی شلی جیهانی پیایدا تێپەڕ دەبێت، پەککەوتنی هاتوچۆ لەم گەرووەدا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو لە 72 دۆلارەوە بۆ 106 دۆلار.
لە لایەکی ترەوە، ئاژانسی "ئیرنا"ی ئێرانی بڵاویکردەوە کە تاران و مەسقەت خەریکی داڕشتنی پڕۆتۆکۆڵێکن بۆ چاودێریکردنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا ئەمە بە هەوڵێک بۆ فشارخستنە سەر بازرگانی جیهانی دەبینن.
یڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، رایگەیاند، "ئێران رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی گواستنەوەی گرتووە بۆ ئەوەی ئابووری جیهان پەک بخات."
هاوکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە وتارێکیدا هەڕەشەی توندی لە تاران کرد و رایگەیاند، ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا گورزێکی زۆر سەخت لە ئێران دەوەشێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەزاران سەربازی ئەمریکی گەیشتوونەتە ناوچەکە.