نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە شێوەیەکی خێرا رووی لە هەڵکشان کرد

لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکاندا، نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان بازدانێکی گەورەی بەخۆوە بینی و نرخی نەوتی خاوی ئەمریکی و برێنت بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە.

ئەمڕۆ هەینی، 3ـی نیسانی 2026، نرخی نەوتی خاوی ئەمریکی لە بازاڕە جیهانییەکانی نەوتدا بۆ سەروو 111 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە.

هاوکات نرخی نەوتی خاوی برێنتیش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە رێژەی زیاتر لە 8% تۆمار کرد.

بە پێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، لە بەغدا نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت گەیشتە 109.24 دۆلار، ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ لە کاتی داخستنی بازاڕدا نرخەکەی 101.6 دۆلار بوو.

لە لایەکی دیکەوە، نەوتی خاوی ئەمریکی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی و نرخەکەی گەیشتە 111.54 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، دوای ئەوەی دوێنێ بە 100.2 دۆلار بوو.

لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەردەوام روو لە هەڵکشانە، بەرزبوونەوەی نرخەکەش بەهۆی بە ئامانجگرتنی کێڵگە نەوتییەکانی وڵاتانی کەنداو و داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە دێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.