فەرەنسا پلان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دادەنێت
سەرۆکی فەرەنسا، لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسی و مەیدانییەکاندا، ئاشکرای کرد، کە وڵاتەکەی دەسپێشخەرییەکی بۆ ئاساییکردنەوەی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز هەیە.
هەینی، 3ـی نیسانی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، پەیامێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە، کە وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی دیکە پلان بۆ پرۆسەیەکی ئاشتییانە دادەنێت بە مەبەستی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز.
ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد، "فەرەنسا لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەدا سەرقاڵی پلاندانانە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەکی ئاشتییانە بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز و یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کەشتییەکانی گواستنەوەی کاڵا".
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، بووەتە هۆی پەککەوتنی نیمچەتەواوی جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا، ئەم دۆخەش بووەتە هۆی پچڕانی رێگەی سەرەکی گواستنەوەی نەوتی جیهانی و بەرزبوونەوەی خێرای نرخەکانی نەوتی خاو.
هەرچەندە ئەمریکا چەندین جار هەڕەشەی ناردنی هێزی زەمینی کردووە بۆ مەبەستی کردنەوەی گەرووی هورمز، بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە وڵاتانی جیهانیش کردبوو کە یاوەر و یارمەتیدەریان بن لەو کارە، بەڵام تا ئێستا هیچ وڵاتێک ئارەزووی بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ کردنەوەی گەرووەکە نیشان نەداوە، ئەمەش بەهۆی توانای ئێران لە بە ئامانجگرتنی کەشتییەکان لە رێگەی مووشەکی دژە کەشتی، درۆن و مینە دەریاییەکانەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.