ئێن بی سی نیووز: دوو هەلیکۆپتەری ئەمریکی دیکە لە باشووری ئێران پێکران
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند، کە دوو هەلیکۆپتەری هێزی ئاسمانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و رزگارکردن لە باشووری ئێران، کەوتوونە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزەکانی ئێران. ئەم پەرەسەندنە دۆخە سەربازییەکەی لە ناوچەکەدا گەیاندووەتە ئاستێکی مەترسیدارتر.
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی "NBC News" کە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە گواستوویەتییەوە، ئەو دوو هەلیکۆپتەرە لە جۆری HH-60G بوون، کە تایبەتن بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی گەڕان و رزگارکردن لە کاتی شەڕدا (CSAR). ئەم فڕۆکانە خەریکی ئەرکێکی مرۆیی و سەربازی بوون بۆ دۆزینەوەی تیمی فڕۆکە جەنگییەکەی ئەمریکا لە جۆری F-15E Strike Eagle، کە هەر ئەمڕۆ لە باشووری ئێران خرابووە خوارەوە.
سەرچاوە هەواڵییەکان، لەوانەش "Newsmax"، ئاماژە بەوە دەدەن, هەلیکۆپتەرەکان لە لایەن هێزە زەمینییەکانی ئێرانەوە بە توندی تەقەیان لێکراوە و گورزیان بەرکەوتووە. سەرەڕای پێکانی هەلیکۆپتەرەکان، بەرپرسە ئەمریکییەکە دڵنیایی دا کە سەرجەم ئەندامانی تیمی هەلیکۆپتەرەکان سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانیاندا نەبووە.
هەروەها CBS News ئاماژەی داوە ئەو هەلیکۆپتەرەی کە فڕۆکەوانە ڕزگارکراوەکەی هەڵگرتبوو، تەقەی لێکراوە، کە بووە هۆی برینداربوونی ئەندامانی تیمی ناو هەلیکۆپتەرەکە. هەلیکۆپتەرەکە بە سەلامەتی نیشتەوە. هەموو کارمەندە سەربازییەکان چارەسەری پزیشکی سەرەتایی وەردەگرن و دەگوازرێنەوە بۆ وەرگرتنی چاودێری پزیشکی زیاتر.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە هێزە ئەمریکییەکان یەکێک لە سەختترین رۆژەکانیان لە جەنگی ئێراندا بەڕێ دەکەن، چونکە تەنیا ئەمڕۆ سێ فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەریان تێکشکاوە یان پێکراون. هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکان لە ناو خاکی ئێران و لە ژێر ئاگری توندی سیستەمە بەرگرییەکاندا، ئاستی ئاڵۆزی و مەترسییەکانی ئەم جەنگە نیشان دەدات کە چووەتە قۆناغی رووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و مەیدانی.