ئێران: بۆ پرسی ئاسایشی ناوچەکە لە پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئێرانی رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان بەردەوامە لە گفتوگۆ و پەیوەندییەگانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە پرسەکانی پەیوەست بە ئاسایشی ناوچەکە.
ئاژانسی "نۆڤۆستی" لە زاری ئەو سەرچاوەیەوە بڵاویکردەوە: "ئاسایش تەنیا دەکرێت وەک چەمکێکی ناوچەیی سەیر بکرێت، هەر بۆیە ئێمە هەمیشە داوامان لە وڵاتانی عەرەبی کردووە کارێکی هاوبەش بکەین بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە، لەو پێناوەشدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی بەردەوامدایە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان ئێران و (ئەمریکا و ئیسرائیل) لە کۆتایی مانگی شوباتەوە زیاتر بووە. ئێران چەندین جار داوای لە وڵاتانی کەنداو کردووە، پرەنسیپی "دراوسێیەتی باش" بپارێزن و رێگە نەدەن خاکەکەیان بەکاربهێنرێت بۆ ئەنجامدانی هیچ کارەساتێکی سەربازی دژ بە تاران.
بەرپرسانی ئێران جەخت دەکەنەوە، وڵاتەکەیان هێرش ناکاتە سەر دراوسێکانی، بەڵکو ئامانجیان بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە، ئاماژەیان بەوەش کردووە، رێزگرتن لە سەروەری دراوسێکان بە واتای وازهێنان لە وەڵامدانەوەی دەستدرێژیکاران نایەت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری دیپلۆماسی سەرۆکی ئیمارات، پاساوەکانی هەندێک لە بەرپرسانی ئێرانی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی کەنداو رەتکردەوە و رایگەیاند: "ئەم رەفتارانەی تاران نەک تەنیا دەرچوونە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی باش، بەڵکو رێبازێکی مەترسیدارە، بنەماکانی سیستەمی نێودەوڵەتی تێکدەدات و هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەکە دەکات."