حەشدی شەعبی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک چەکداری راگەیاند

دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزەکانیان لە پارێزگای ئەنبار کەوتوونەتە بەر هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل.

لە راگەیەندراوەکەی حەشدی شەعبی دا هاتووە، لە کاتژمێر 5:10 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لیوای 45ـی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە لە حەشدی شەعبی، لە نزیک دەروازە سنوورییەکانی قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار، رووبەڕووی هێرشێکی ئەمریکی-ئیسرائیلی بووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل، چەکدارێکیان کوژراوە و چواری دیکەش برینداربوون، لەگەڵ برینداربوونی کارمەندێکی سەر بەوەزارەتی بەرگریی عێراق.  

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریا جاروبار دەبنە ئامانجی هێرشی ئاسمانی، کە حەشدی شەعبی بە دەستدرێژییەکی دوژمنکارانە وەسفی کردووە.

وێنەی چەکدارە کوژراوەکە بەناوی 'سەلام جاسب حەسناوی'