رۆیتەرز: هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی رمێلە لە بەسرە و قوربانی هەیە
لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر یەکێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی عێراق لە باشووری ئەو وڵاتە، چەند کەسێک بریندار بوون.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ شەممە، 04ـی نیسانی 2026، بە دوو درۆن هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی رومێلە لە پارێزگای بەسرە.
ئاژانسە هەواڵییەکە لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی هێرشەکەی سەر ئەو کێڵگە نەوتییە، سێ کەس بریندار بوون.
تاوەکوو ئێستاش هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە رانەگەیاندووە و قەبارەی زیانە ماددییەکانیش بەتەواوی نەزانراوە.
کێڵگەی نەوتی رومێلە دەکەوێتە پارێزگای بەسرە لە باشووری عێراق و بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی جیهان دادەنرێت.
ئەم کێڵگەیە رۆڵێکی گەورەی لە ئابووریی عێراقدا هەیە و بەشێکی زۆری نەوتی هەناردەکراوی وڵاتەکە دابین دەکات. کۆمپانیای "بی پی" بەریتانی و "پترۆچاینا"ـی چینی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسرە سەرپەرشتیی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیەدا دەکەن.
لە رابردووشدا چەندین جار دامەزراوە نەوتییەکان و بنکە سەربازییەکان لە عێراق رووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی بوونەتەوە. زۆرجار ئەم هێرشانە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە ئەنجام دەدرێن، ئامانجیشیان دروستکردنی گوشارە لەسەر کۆمپانیا بیانییەکان و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکەیە.