وەزارەتی کارەبا: گازی ئێران بۆ باشووری عێراق بەتەواوی وەستاوە
وەزارەتی کارەبای عێراق نوێترین پێشهاتەکانی دۆخی وزە و ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی هاوین راگەیاند و ئاشکرای کرد، هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ ناوچەکانی باشوور بەتەواوی وەستاوە.
ئەمڕۆ شەممە، 4ـی نیسانی 2026، ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، "گازی هاوردەکراوی ئێران بۆ ناوچەکانی باشووری عێراق بەتەواوی وەستاوە، هەروەها بڕی گاز بۆ ناوچەکانی ناوەڕاستیش بۆ ئاستێکی زۆر نزم دابەزیوە کە تەنیا پێنج ملیۆن مەتر سێجایە"، ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەت هەوڵ دەدات لە رێگەی سووتەمەنی جێگرەوە ئەو کورتهێنانە پڕ بکاتەوە و ئەو وێستگانە کار پێ بکات کە بەهۆی نەبوونی گازەوە پەکیان کەوتووە.
گوتەبێژەکە روونیشی کردەوە کە دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر گازی ناوخۆیی هەبووە، بە شێوەیەک کە بەرهەمهێنانی گازی نیشتمانی لە 1100 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ تەنیا 400 ملیۆن پێ سێجا دابەزیوە، باسی لەوەش کرد، لە ئێستا بەهۆی فێنکیی کەشوهەواوە توانیویانە کۆنترۆڵی بارگرانی سەر تۆڕەکان بکەن، بەو ئومێدەی بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوت جارێکی تر ئاستی بەرهەمهێنانی گازی ناوخۆیی بەرز بکاتەوە.
سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی گەرما، ئەحمەد مووسا جەختی کردەوە، وێستگەکانی بەرهەمهێنان و تۆڕەکانی گواستنەوە نزیکەی بەتەواوی ئامادەن. گوتیشی، "کارکردن لە سەکۆی گازی بەندەری خور زوبەیر بەردەوامە و بەرلە هاوین تەواو دەبێت بۆ دابینکردنی بەشێک لە پێویستییەکان، هەروەها پڕۆژەکانی بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێش بەرلە وەرزی هاوین ئامادە دەبن."
دەشڵێت، وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بە هەماهەنگی بەرز لەگەڵ وەزارەتی نەوت کرد بۆ دابینکردنی سووتەمەنی پێویست بۆ ئەو وێستگانەی لە بەغدا و دیالە و پارێزگاکانی دیکە بەهۆی کەمیی گازەوە زیانیان بەرکەوتووە، تاوەکو بتوانن بە جێگیرکردنی سیستەمی بەرهەمهێنانەوە پێشوازی لە وەرزی هاوین بکەن.