تورکیا نرخی کارەبا و گازی بەرز کردەوە
کۆمپانیای وزەی تورکیا (بۆتاش) رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و دابەشکردن، نرخی کارەبا و گازی سروشتی بۆ یەکە نیشتەجێبوونەکان بە رێژەی 25% زیاد کراوە.
شەممە، 4ـی نیسانی 2026، کۆمپانیای وزەی حکومیی تورکیا (بۆتاش) بڵاوی کردەوە، نرخی کارەبا بۆ یەکە نیشتەجێبوونەکان 25% زیاد کراوە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و دابەشکردن. هەروەها نرخی گازی سروشتی بۆ ماڵان بە هەمان رێژە و بە تێکڕا گران کراوە.
بە پێی بڕیارە نوێیەکە، نرخی گازی سروشتی بۆ بەکارهێنەرانی کەرتی پیشەسازی 18.61% و بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا 19.42% زیادی کردووە.
ئەو جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتەوە دژی ئێران دەستیان پێکردووە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، گازی سروشتی، پەین و تێچووی گواستنەوەی دەریایی.
لەم چوارچێوەیەدا، محەمەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا لە مانگی ئاداردا رایگەیاندبوو، کە سیستەمی نرخاندنی پلەبەندی کە تورکیا بۆ سووتەمەنی پەیڕەوی دەکات، چیدیکە بەردەوام نابێت ئەگەر نرخەکانی نەوت بە بەرزی بمێننەوە، چونکە ئەمە بارگرانییەکی گەورە دەخاتە سەر بودجەی گشتی وڵات.