وەزارەتی دەرەوەی رووسیا: ئەمریکا و ئیسرائیل ناوبانگی خۆیان لە پاراستنی ئەتۆم لەناوبرد
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، هۆشدارییەکی توندی دایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رایگەیاند، هێرشە بەردەوامەکانی سەر وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران، دۆخەکەی گەیاندووەتە هێڵێکی مەترسیدار کە ئەگەری هەیە کارەساتی لێ بکەوێتەوە. جەختی کردەوە کە مۆسکۆ هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ ئەوەی جیهان لەم مەترسییە گەورەیە ئاگادار بکاتەوە.
شەممە 4ـی نیسانی 2026، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە لێدوانێکدا دەربارەی هێرشە مووشەکییەکانی ئەمڕۆ بۆ سەر وێستگەی بوشەهر، کە بووە هۆی کوژرانی کارمەندێکی ئەمنیی وێستگەکە، گوتی: "هێشتا دەکرێت رێگری لە خراپترین سیناریۆ بکرێت، بەڵام بۆ ئەم مەبەستە دەبێت دەستبەجێ هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران رابگیرێن." ناوبراو بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو کارمەندە ئێرانییە کرد کە لە کاتی پاراستنی وێستگەکەدا گیانی لەدەستدا.
زاخارۆڤا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەم کارە نایاسایی و بێباکانەیان، پەڵەیەکی رەشیان بەسەر ناوبانگی نێودەوڵەتیی خۆیانەوە جێهێشت. گوتیشی: "ئەوان ناوبانگی خۆیان لە بواری بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و پاراستنی سەلامەتیی ناوەکی بە تەواوەتی لەناوبرد، چونکە نیشانیاندا کە خۆیان دان بە هیچ بەها و سنوورێکی نێودەوڵەتیدا نانێن."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، زاخارۆڤا هاوڕایی خۆی بۆ نیگەرانییەکانی رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەربڕی. ئاماژەی بەوە کرد کە وێستگە ئەتۆمییەکان و ناوچەکانی دەوروبەریان، کە سیستەمە هەستیارەکانی سەلامەتییان تێدایە، نابێت هەرگیز ببنە ئامانجی سەربازی، بەڵام هێرشبەران بە جۆرێک لە ئارەزوویەکی ناتەندروستەوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران دەپێکن.
هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانە، زاخارۆڤا رەخنەی لە وڵاتانی رۆژئاوا گرت کە بۆشاییەکی زانیارییان بۆ خۆیان دروست کردووە. رایگەیاند کە حکوومەتە رۆژئاواییەکان رێگری لە رۆژنامەنووسەکانی خۆیان دەکەن پرسیار لە رووسیا بکەن و خۆشیان وەڵامی رۆژنامەنووسە رووسەکان نادەنەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ شاردنەوەی راستییەکانی ئەو مەترسییە ئەتۆمییەی کە ئێستا جیهان رووبەڕووی بووەتەوە.