ئەمریکا خوشکەزای قاسم سولەیمانی دەستبەسەر دەکات و بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی دەدات

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ئیدارەی ترەمپ مافی مانەوەی لە خوشکەزای قاسم سولەیمانی و کچی خوشکەزاەکەی سەندووەتەوە و لەلایەن ئاژانسی (ICE) دەستبەسەر کراون بۆ دیپۆرتکردنەوەیان. جەختی کردەوە کە رێگە نادەن خزم و کەسوکاری بەرپرسانی ئێران لە ناو ئەمریکا بە "ژیانی شاهانە" بژین و هاوکات سووکایەتی بە وڵاتەکە بکەن.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ شەممە 4ی نیسانی 2026 پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ڕایگەیاند، ئیدارەی واشنتن بڕیارێکی دژی خوشکەزا و نەوەی قاسم سولەیمانی دەرکردووە و مافی مانەوەی لە ئەمریکا لێسەندووەتەوە.

بەگوێرەی پەیامێکی روبیۆ، حەمیدە سولەیمانی ئەفشار کە خوشکەزای قاسم سولەیمانییە، لەگەڵ کچەکەیدا تاوەکوو ئەم دواییانە خاوەنی گرین کارد بوون و لە ناو خاکی ئەمریکادا بە ژیانێکی شاهانە ژیاون، بەڵام ئەم هەفتەیە بڕیاردرا بە هەڵوەشاندنەوەی مافی مانەوەی هەردووکیان و ئێستا لەلایەن دەزگای کۆچ و گومرگی ئەمریکا (ICE) دەستبەسەر کراون تاوەکو بە فەرمی لە وڵات دیپۆرت دەکرێنەوە.

روبیۆ لە پەیامەکەیدا حەمیدە ئەفشاری بەوە تۆمەتبار کرد کە پشتگیریکەرێکی سەرسەختی ئێرانە و بە ئاشکرا ئاهەنگی بۆ هێرشەکان دژی ئەمریکییەکان گێڕاوە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی بە "شەیتانی گەورە" ناوزەند کردووە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ناکرێت کەسانێک لەسەر خاکی ئەمریکا بژین کە سووکایەتی بەو وڵاتە دەکەن و پشتگیری دوژمن دەکەن.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە چوارچێوەی جەنگی ئێستای لەگەڵ تاران، فشارەکانی بۆ سەر خزم و کەسوکاری بەرپرسانی ئێران لە دەرەوەی وڵات چڕ کردووەتەوە. روبیۆ وەک پەیامێک بۆ لایەنگرانی تاران گوتی: "ئیدارەی ترەمپ ڕێگە نادات وڵاتەکەمان ببێتە پەناگە بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی پشتگیری لە دوژمنی ئەمریکییەکان دەکەن."