بە فەرمانی مەسرور بارزانی پێنجەم کاروانی تووشبووانی تالاسیمیا رەوانەی دەرەوە کران

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی تەندروستی قۆناغێکی دیکەی پڕۆژە مرۆڤدۆستییەکەی بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی تالاسیمیا دەستپێکرد و کاروانی پێنجەمی نەخۆشانی رەوانەی دەرەوەی وڵات کرد.

رۆژی شەممە 4ـی نیسانی 2026، وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند کە کاروانی پێنجەم بریتییە لە 28 هاووڵاتی، کە پێکهاتوون لە نەخۆشانی تالاسیمیا، بەخشەرەکان و هاوەڵەکانیان. ئەم کۆمەڵەیە دوای ئەنجامدانی تەواوی پشکنینە پزیشکییەکان و رێکارە زانستییەکان، رەوانەی چەند نەخۆشخانەیەکی خاوەن متمانەی نێودەوڵەتی (JCI) کراون بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی "چاندنی مووخی ئێسک".

حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی خەرجییەکانی ئەم گەشتە چارەسەرییەی لە ئەستۆ گرتووە، کە خەرجیی گەشت، مانەوە، پشکنین و نەشتەرگەرییەکان دەگرێتەوە. ئەمە لە چوارچێوەی بودجەیەکی تایبەتدایە کە بڕەکەی نزیکەی 11 ملیار دینارە و بۆ ناردنی 140 تووشبووی تالاسیمیا تەرخانکراوە، بێ گوێدانە ئەوەی نەخۆشەکە بەخشەری هەیە یان لە دەرەوە بۆی دابین دەکرێت.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لە پەیامێکدا وێڕای دەربڕینی سوپاس و دەستخۆشی بۆ سەرۆکی حکوومەت بەهۆی پاڵپشتییە بەردەوامەکانی بۆ کەرتی تەندروستی، رایگەیاند کە تاوەکوو ئێستا 220 هاووڵاتی بۆ ئەم جۆرە چارەسەرە ڕەوانەی دەرەوە کراون.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە رۆژانی داهاتوودا کاروانی شەشەمیش بەڕێ دەکرێن، هاوکات مژدەی گەڕانەوەی ژمارەیەک لە تووشبووانی پێشووی دا کە دوای 100 رۆژ لە چارەسەری سەرکەوتوو، گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانیان.

ئەم هەنگاوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە کارنامەی خزمەتگوزاریی ئیدارەی نۆیەمی حکومەت تەماشا دەکرێت، کە ئامانجی سەرەکی تێیدا کەمکردنەوەی باری گرانی سەر شانی هاووڵاتییان و دابینکردنی پێشکەوتووترین چارەسەری پزیشکییە بۆ ئەو نەخۆشانەی کە لە ناوخۆدا ئامێر و تەکنۆلۆژیای پێویستیان بۆ بەردەست نییە.