ئیسرائیل زیاتر لە 200 ئامانجی لە ئێران و لوبنان بۆردومان کرد

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە چوارچێوەی پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکەدا، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر زیاتر لە 200 پێگەی سەربازی لە هەریەکە لە ئێران و لوبنان ئەنجامداوە.

شەممە 4ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی بەیاننامەیەکی فەرمی سوپای ئیسرائیل، هێزی ئاسمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری سەربازی، دەیان پێگەی لە ناوخۆی ئێران کردووەتە ئامانج، هێرشەکان بەتایبەتی دامەزراوەکانی سوپای پاسداران، بنکەکانی پەرەپێدان و کۆگاکردنی موشەکی بالیستی و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی ئێرانیان پێکاوە.
سەبارەت بە بەرەی لوبنان، سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، زیاتر لە 140 پێگەی حزبوڵڵای پێکاوە کە لەم ئامانجانە پێکهاتبوون لە:

بنکەکانی مەشق و راهێنان و کۆگاکانی چەک.
بارەگا فەرماندەییەکان و دامەزراوەکانی سەر بە هێزی "رەزوان" لە بەیرووت و ناوچەکانی دیکە.
شوێنەکانی هاویشتنی موشەک و درۆن.
هاوکات لەگەڵ بۆردومانەکان، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بە بەردەوامی جووڵە زەمینییەکانی لە باشووری لوبنان کردووە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی جەنگ و پێکدادانەکاندا دەیان چەکداری حزبوڵڵا کوژراون، هەروەها هێزە ئیسرائیلییەکان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە، لەوانە: چەکی سوک، چەکی دژە تانک، بۆمبی دەستی، لەگەڵ دۆزینەوەی چەندین تونێل و حەشارگەی سەربازی.

لە لایەکی دیکەوە، تۆپخانەکانی ئیسرائیل بە سەدان گولە تۆپ ئەو شوێنانەیان تۆپباران کردووە کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت بۆ هەڵدانی درۆن بەکاربهێنرێن.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە گەورەیە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هۆشداری توند دەدات لە ئەگەری تەقینەوەی بارودۆخەکە و فراوانبوونی بازنەی جەنگ لە ناوچەکەدا.