ئیسرائیلییەکان، ناتانیاهۆ بە هەڵگیرساندنی "جەنگێکی بێکۆتایی" تۆمەتبار دەکەن
سەدان ئیسرائیلی، لە تەلئەڤیب دژی جەنگی بەردەوام لەگەڵ ئێران، رژانە سەر شەقامەکان و ناتانیاهۆیان بە درێژکردنەوەی جەنگ بۆ بەرژەوەندیی کەسی تۆمەتبار کرد، لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنی دا لێدانەکانیان بۆ سەر جومگە ئابوورییەکانی تاران چڕتر بکەنەوە.
شەممە، 4ـی نیسانی 2026، سەدان ئیسرائیلی لە تەلئەڤیڤ دژی جەنگی بەردەوام لەگەڵ ئێران گردبوونەوە و درووشمیان دژی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان بەرز کردەوە.
خۆپێشاندەران سەرەڕای ئەو سنووردارکردنانەی بەهۆی جەنگەوە بەسەر گردبوونەوەکاندا سەپێنراون، گەیشتنە گۆڕەپانێکی ناوەندیی شارەکە و هوتافی وەک "نا بۆ بۆردومان" و "کۆتایی بەم جەنگە بێکۆتاییە بهێنن"یان بەرز کردبووەوە.
ئەلۆن لی گرین، یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند: "پۆلیس هەوڵ دەدات دەنگمان کپ بکات، ئێمە لێرەین بۆ داوای کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئێران، لوبنان و غەززە، هەروەها کۆتاییهێنان بەو تاوانانەی کە لە کەناری رۆژئاوا روودەدەن."

خۆپێشاندەران گومانی قووڵیان لە پاساوەکانی حکوومەت بۆ جەنگ لەگەڵ ئێران دەربڕی. خۆپیشاندەرێکی دیکە گوتی گوتی: "گومانم هەیە لە هۆکارەکانی جەنگ، پێم وایە ناتانیاهۆ تەنیا دەیەوێت دادگاییکردنەکەی رابگرێت."
ناتانیاهۆ بەهۆی دۆسیەیەکی گەندەڵییەوە دادگایی دەکرێت و پێشتر داوای لێخۆشبوونی سەرۆکایەتی کردووە، هاوکات دۆناڵد ترەمپ چەندین جار فشاری خستووەتە سەر ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل بۆ پێدانی ئەو لێخۆشبوونە.
لە بەرامبەردا، بنیامین ناتانیاهۆ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە ئێوارەی شەممە، بەڵێنی دا بەردەوام بن لە هەڵمەتە سەربازییەکانیان دژی تاران و گوتی: "بەڵێنم پێدابوون کە بەردەوام دەبین لە لێدان لە تاران، و ئەوەش دەکەین، ئەمڕۆ هێرشمان کردە سەر کارگەکانی پێترۆکیمیایی."

لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: لە نیوەشەوەوە هەشت مووشەک لە ئێرانەوە و یەک موشەک لە یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستە کراون.
تیمە پزیشکییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە بەهۆی مووشەکەکانی ئێرانەوە لانی کەم پێنج کەس بریندار بوون. خۆپێشاندەرانی تەلئەڤیب دوای بیستنی زەنگی ئاگادارکردنەوەی مووشەکەکەی یەمەن، ناچار بوون گۆڕەپانەکە جێبهێڵن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.