هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی نەوتی بوزورگان
کۆمپانیای نەوتی میسان رایگەیاند، کۆگاکانی سەر بە کۆمپانیاکە لە کێڵگەی نەوتی "بوزورگان" رووبەڕووی هێرشێکی ئاسمانی درۆنی بوونەتەوە.
یەکشەممە 5ـی نیسانی 2026، کۆمپانیای نەوتی میسان رایگەیاند، لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییە حکوومییەکانی وەزارەتی نەوتەوە بڵاوکراوەتەوە، دڵنیایی دا کە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و برینداری لە نێوان کارمەند و فەرمانبەرانی کۆمپانیاکەدا لێنەکەوتووەتەوە.
هاوکات، کۆمپانیای نەوتی میسان داوای لە سەرجەم کارمەندانی کردووە، لە ژێر رۆشنایی ئاڵنگاری و بارودۆخی ئێستای ناوچەکەدا، بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە بکەن و پابەندی تەواوی رێنماییەکانی سەلامەتی پیشەیی بن بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و دامەزراوە نیشتمانییەکان.