تەسنیم: ئەمریکا هەوڵ دەدات فڕۆکەوانە ونبووەکەی لە ناوخۆی ئێران بکوژێت

ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە، هێزە ئەمریکییەکان دوای بێئومێدبوونیان لە رزگارکردنی فڕۆکەوانێکیان کە دوو رۆژ لەمەوبەر فڕۆکەکەی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە خرابووە خوارەوە، ئێستا هەوڵ دەدەن لە رێگەی بۆردومانەوە ئەو فڕۆکەوانە بکوژن.

یەکشەممە 5ـی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی هەندێک ناوچەیان لە کۆگیلویە و بۆیەر ئەحمەد بۆردومان کردووە، چونکە گومانیان هەبووە فڕۆکەوانەکەیان لەو ناوچەیەدا بێت.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمریکییەکان لە دۆزینەوەی کەسی دووەمی نێو فڕۆکەکە کە وەک ئەندامی تیمی فڕین ناوی دەبەن بێئومێد بوون، هەر بۆیە دەیانەوێت بە بۆردومانکردنی چەند خاڵێک ئەو کەسە بکوژن تاوەکو نەکەوێتە دەست هێزە ئێرانییەکان.

سەبارەت بەوەی ئایا ئەو فڕۆکەوانە لە ئێستادا لە دەستی هێزە ئێرانییەکاندایە یان نا، سەرچاوە سەربازییەکە هیچ زانیارییەکی ئاشکرا نەکردووە و تەنها گوتی: "ئێمە جارێ هیچ هەواڵێک لەو بارەیەوە راناگەیەنین، بەڵام ئەمریکییەکان تەنانەت سەبارەت بە فڕۆکەوانی یەکەمیش کە بانگەشەی رزگارکردنیان دەکرد، هەموو راستییەکان ناڵێن".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەو سەرچاوە سەربازییە جەختی کردەوە، چیرۆکی فڕۆکەوانەکانی ئەو فڕۆکە جەنگییە تێکشکێندراوە، دەبێتە شەرمەزارییەکی دیکە بۆ ئەمریکا و پەردە لەسەر شاردنەوەی راستییەکان لادەدات.