تورکیا دەنگۆی ناردنی مووشەک و درۆن بۆ ئێران رەت دەکاتەوە
تورکیا بە فەرمی ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە دابینکردنی مووشەک و درۆن بۆ ئێران دەکەن، هەروەها ئەو دەنگۆیانەشی بە درۆ خستەوە کە دەڵێن فڕۆکەیەکی ئەمریکی بە مووشەکی تورکی لەلایەن تارانەوە خراوەتە خوارەوە.
یەکشەممە 5ـی نیسانی 2026، ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیارییە چەواشەکارەکانی سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: ئەو دەنگۆیانەی لە هەندێک هەژماری سۆشیاڵ میدیا و پلاتفۆرمە چەواشەکارەکان بڵاوبوونەتەوە، دەربارەی ئەوەی تورکیا مووشەکی دژە فڕۆکەی پێشکەوتوو و درۆنی داوەتە ئێران، یان فڕۆکەیەکی F-15ی ئەمریکی بە سیستەمێکی بەرگری ئاسمانیی دروستکراوی تورکیا پێکراوە، هیچ بنەمایەکی راستی نییە."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم جۆرە هەواڵە چەواشەکارانە، هێرشی جەنگی دەروونیی ئەنقەست و پڕوپاگەندەی رەشن کە ئامانجیان تێکدانی رۆڵی بنیاتنەری تورکیایە لە قەیرانەکانی ناوچەکە و لاوازکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەنقەرەیە بۆ چەسپاندنی ئاشتی.
سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا جەختی کردەوە، وڵاتەکەی پابەندە بە هەڵوێستی خۆی لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە هەموو پڕۆسە ناوچەییەکاندا، هەروەها رایگەیاند، ئەم هەڵمەتە چەواشەکارییە بەرانبەر بە تورکیا بۆ ئەوەیە رای گشتی جیهانی لە بەرانبەر تورکیا چەواشە بکەن.