واشنتن پۆست: کۆمپانیا چینییەکان زانیاریی هەواڵگری دەربارەی جووڵەکانی سوپای ئەمریکا دەفرۆشن

رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، چەند کۆمپانیایەکی چینی، لە میانەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، خەریکی بازرگانیکردن و فرۆشتنی زانیاریی هەواڵگرین دەربارەی جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا.

یەکشەممە 5ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی واشنتن پۆست لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، چەند کۆمپانیایەکی چینی لە ماوەی جەنگی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلدا بازرگانیان بە زانیاری دەربارەی جووڵە و کەلوپەلەکانی سوپای ئەمریکاوە کردووە.

لە راپۆرتەکەی واشنتن پۆستدا هاتووە، ئەو کۆمپانیایانە کە هەندێکیان پەیوەندییان بە سوپای چینەوە هەیە، تەکنەلۆژیای "ژێریی دەستکرد" (AI) لەگەڵ "داتا سەرچاوە کراوەکان" (OSINT) یەکدەخەن بۆ دەرهێنانی زانیاری ورد لەسەر سوپای ئەمریکا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمپانیاکان زانیاری تەواوی هێزەکانی ئەمریکایان دەست کەوتووە و بازرگانی پێوە دەکەن، وەکوو وردەکاری کەلوپەلی ناو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، شوێن و جووڵەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان و ئاستی ئامادەیی فڕۆکە جەنگییەکان بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر تاران.

سەبارەت بە هەوڵوێستی چین، رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، حکوومەتی چین هەرچەندە خۆی لە دەستوەردانی راستەوخۆ لە جەنگەکە دەپارێزێت، بەڵام سوودمەندە لەم ململانێیەی ئێستا و لە رێگەی ئەم کۆمپانیایانەوە هێزی هەواڵگری خۆی نیشان دەدات.

لە بارەی مەترسی ئەم کردەوەیەی هەندێک لە کۆمپانیا چینییەکان واشنتن پۆست دەلێت،" بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن گەشەسەندنی توانای کۆمپانیا تایبەتەکانی چین لە کۆکردنەوەی زانیاری، وایکردووە شاردنەوەی جووڵە سەربازییەکان لە دوژمنان زۆر قورستر بێت و ئەمەش مەترسییەکی ئەمنی گەورەیە.

واشنتن پۆست باسی لەوەش کردووە، جگە لە چین رووسیاش زانیاریی هەواڵگری دەربارەی ئامانجە ئەمریکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوەتە ئێران.

لەمبارەیەوە، پیت هیگسێس، وەزیری بەرگری ئەمریکا، لە کۆتایی مانگی رابردوو رایگەیاندبوو ئەوان ئاگادارن دوژمنەکان زانیاری هەواڵگری پێشکەش بە تاران دەکەن کە نەدەبوو بیکەن.

ئەم راپۆرتەی واشنتن پۆست لە کاتێکدایە، لە 28ـی شوباتی رابردووەوە، گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکە، چووەتە قۆناغی هێرشی راستەوخۆ و موشەکی و درۆن کە زیانی گیانی و ماددی گەورەی لێکەوتووەتەوە.