وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل: ئاماری قوربانییانی جەنگی ئێرانی بڵاوکردەوە
وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل نوێترین ئاماری قوربانیانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە دەستپێکی جەنگی دژی ئێران لە 28ـی شوباتی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، 6 هەزار و 771 بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان.
یەکشەممە 5ـی نیسانی 2026، وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، لە نوێترین ئاماری قوربانیانی جەنگی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە ئێستادا 134 بریندار لە نەخۆشخانەکاندا لەژێر چارەسەردان، ئاماژەی بەوەکردووە، دۆخی 2 کەسیان لە لێواری مردندایە و 15 کەسیشیان برینەکەیان زۆر سەختە، هەروەها 25 برینداری مامناوەند و 89 برینداری سووک لە نەخۆشخانەکان ماونەتەوە.
لە بارەی ژمارەی ئەو کەسانەی گیانییان لەدەستداوە وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل ئاماری فەرمی کوژراوەکانی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل مەزندە دەکات 29 کەس لە سەرەتای جەنگەکەوە کوژرابن.
لە بەرانبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، تاران بە موشەک و درۆن وەڵامی داوەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان، لەو هێرشانەدا 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون و 303 سەربازی دیکەش بریندار بوون، هاوکات هێرشەکانی سەر ئێران هەزاران کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە و چەندین سەرکردەی باڵای ئەو وڵاتە کوژراون.
لە لایەکی دیکەوە لە 2ـی ئادارەوە، حزبوڵڵای لوبنانیش وەک هاوپەیمانی ئێران بەشداری جەنگەکەی کردووە و بە موشەک و درۆن هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوەش لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێک کەس.
ئیسرائیل چاودێری توندی خستووەتە سەر بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان دەربارەی زیانەکانی هێرشە موشەکییەکانی ئێران و حزبوڵڵا، بۆیە ئامارە ڕاستەقینەکان تاوەکوو ئێستا بڵاونەکراوەنەتەوە بە تایبەت ئاماری ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە.