ئەرجەنتین گەورە دیپلۆماتکارێکی ئێرانی لە وڵاتەکەی دەرکرد
وەزارەتی دەرەوەی ئەرجەنتین، رایگەیاند، گەورە دیپلۆماتکارێکی ئێرانییان لە وڵاتەکەیان دەرکردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە میانەی هاوپەیمانێتی ئەرجەنتین لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەژمار دەکرێت.
یەکشەممە 5ـی نیسانی 2026، پابلۆ کێرنۆ، وەزیری دەرەوەی ئەرجەنتین رایگەیاند، موحسین سەڵتانی تاران، کارداری ئێران، خاکی ئەرجەنتینی جێهێشتووە، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە مۆڵەتی 48 کاتژمێری پێدرابوو بۆ چۆڵکردنی وڵات.
لە دوای نزیک بوونەوەی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئەرجەنتین لەگەڵ یئدارەی دۆناڵد ترەمۆ سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییەکانی نێوان بوێنس ئایریس و تاران تێکچوو، ئەرجەنتین بە فەرمی سوپای پاسدارانی ئێرانی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند.
بەگوێرەی ئەم پۆلێنکردنە نوێیە، حکوومەتی ئەرجەنتین دەتوانێت سزای دارایی بەسەر ئەو لایەنانەدا بسەپێنێت کە بازرگانی لەگەڵ سوپای پاسداران دەکەن، هەروەها دەتوانێت دەست بەسەر هەر سەرمایە و داراییەکی ئەو هێزەدا بگرێت لە ناو خاکی ئەرجەنتین.
لە بەرانبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا بڕیارەکەی ئەرجەنتینی بە سووکایەتیی و کارێکی جێگای لێخۆشنەبوون ناوبرد و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە لەژێر کاریگەریی ئەمریکادا نراوە.
ئەم بڕیارەی ئەرجەنتین لە کاتێکدایە، حکوومەتی ئەو وڵاتە هەماهەنگییەکی تەواوی لەگەڵ سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران هەیە.