ئیمارات هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق سەرکۆنە دەکات و داوای لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی دەکات

ئیمارات، ئیدانەی هێرش کردنە سەر بارەگای نێردەی دیپلۆماسی و ماڵی سەرۆکی نێردەی وڵاتەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا دەکات. هەروەها ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە سوکایەتیکردن بە رەمزە نیشتمانییەکانی دەربڕی.

لەم بارەیەوە، ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری دیپلۆماسی سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات جەختی کردەوە، دەستدرێژیکردنە سەر باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان تەنیا پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان نییە، بەڵکو نیشانەی بوونی کەلێن و تێکچوونی باری ئەمنییە لەو وڵاتانەی کە ئەو هێرشانەی تێدا روودەدات.

قەرقاش ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەوەی کۆمەڵەیەکی بچووکی توندڕەو ئەنجامی دەدەن لە چوارچێوەی ئەجێندایەکی رەتکراوەدا دەجووڵێنەوە، لە کاتێکدایە ئیمارات میوانداری رەوەندێکی گەورەی سووری دەکات کە بە ئارامی و دڵنیاییەوە تێیدا دەژین و کار دەکەن." ناوبراو هۆشداری دا، ئەم هێرشانە "پەیامی مەترسیدارن" و پێویستیان بە هەڵوێستێکی یەکلایەکەرەوە و پابەندبوونی تەواو هەیە بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ بە هەموو شێوەیەک ئەم جۆرە کارە تێکدەرانە رەت دەکەنەوە. وەزارەتەکە جەختی لە پێویستی پاراستنی بارەگا و نێردە دیپلۆماسییەکان و کارمەندەکانیان کردەوە، بەپێی یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی "رێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان" کە پارێزبەندی تەواو بۆ باڵەخانە دیپلۆماسییەکان و فەرمانبەرانیان دابین دەکات.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، دەوڵەتی ئیمارات داوای لە کۆماری عەرەبی سووریا کرد، ئەرکەکانی خۆی لە پاراستنی باڵیۆزخانە و کارمەندەکانیدا جێبەجێ بکات. هەروەها داوای کرد لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئەم هێرشانە بکرێت و گەرەنتی بکرێت کە لە داهاتوودا دووبارە نەبنەوە، لەگەڵ گرتنەبەری هەموو رێکارە یاساییە پێویستەکان بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە.