سەرۆکی ئەمریکا رزگارکردنی دووەم فڕۆکەوانی فڕۆکە تێکشکاوەکەی راگەیاند
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە رێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیال"ەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند؛ هێزە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا توانیویانە یەکێک لە "بوێرترین ئۆپراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردن" لە مێژووی وڵاتەکەدا ئەنجام بدەن و ئەفسەرێکی باڵا بە پلەی کۆلۆنێل لە ناو خاکی ئێران رزگار بکەن.
ترەمپ لە پەیامەکەیدا گوتی: "هاونیشتمانیانی خۆشەویستم، لە چەند کاتژمێری رابردوودا سوپای ئەمریکا ئۆپراسیۆنێکی دەگمەنی بۆ رزگارکردنی یەکێک لە ئەفسەرە بەڕێزەکانمان کە پلەی کۆلۆنێلە ئەنجامدا، زۆر خۆشحاڵم کە پێتان رابگەیەنم ئەو ئێستا سەلامەتە."
بە گوتەی ترەمپ، ئەم ئەفسەرە لە ناوچە شاخاوییە سەختەکانی ئێران و لە "پشت هێڵەکانی دوژمن" بووە و لەلایەن هێزە نەیارەکانەوە راو دەنرا، بەڵام لەژێر چاودێری 24 کاتژمێریی فەرماندەیی گشتیی و بە بەشداریی دەیان فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو، توانراوە لە ئۆپراسیۆنێکی ورددا بگەڕێنرێتەوە. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەفسەرەکە هەندێک برینداری هەیە، بەڵام باری تەندروستیی جێگیرە.
ترەمپ ئاشکرای کر، ئەمە دووەم ئۆپراسیۆنی سەرکەوتووە لە ماوەی دوو ڕرۆژدا. رایگەیاند؛ دوێنێش فڕۆکەوانێکی دیکەی ئەمریکی رزگار کراوە، بەڵام بەهۆی پاراستنی گیانی ئەفسەری دووەم و سەرکەوتنی ئۆپراسیۆنەکە، هەواڵەکەیان بە نهێنی هێشتبووەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ جەختی لە هێزی سەربازی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: "ئەنجامدانی ئەم دوو ئۆپراسیۆنە بەبێ ئەوەی یەک سەربازی ئەمریکی بکوژرێت یان بریندار بێت، جارێکی دیکە دەیسەلمێنێت کە ئێمە باڵادەستی و سەروەریی تەواوی ئاسمانیمان بەسەر ئاسمانی ئێراندا هەیە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ داوای لە هەموو ئەمریکییەکان کرد، چ دیموکرات و چ کۆمارییەکان، کە شانازی بە هێزە چەکدارەکانیانەوە بکەن و گوتی: "ئێمە باشترین و پیشەگەرترین سوپای جیهانمان هەیە. خودا ئەمریکا و سەربازەکانمان بپارێزێت، جەژنی قیامە (Easter) لە هەمووان پیرۆز بێت."