تورکیا هەوڵەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا چڕتر دەکاتەوە

سەرچاوەیەکی حکوومی تورکیا بە ئاژانسی "نۆڤۆستی" رووسی راگەیاندووە؛ وڵاتەکەی بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند دەوڵەتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەردەوامە لە دەستپێشخەرییەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی گفتوگۆ لە نێوان ئێران و ئەمریکا، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو هەوڵانە نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی کۆنکرێتی.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە: "تورکیا شانبەشانی هاوبەشە هەرێمییەکانی، هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ گەڕاندنەوەی لایەنەکان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام لەم قۆناخەدا ناتوانرێت باس لە رێککەوتنێکی دیاریکراو بکرێت."

هەروەها ئەوەشی خستەروو، پەیوەندییەکان لە ئاستە جیاوازەکاندا بەردەوامن و باس لە شێواز و سەکۆ گونجاوەکان بۆ بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان دەکرێت، بەڵام هێشتا زووە باس لە ئەنجامی کردەیی بکرێت.

ئەو سەرچاوە تورکییە جەختیشی کردەوە، ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لەسەر ئەم کارە، چونکە بایەخێکی زۆر هەیە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و دەستپێکردنی پرۆسەی سیاسی.