هەژماری زیاتر لە 100 کەسایەتی دیاری ئێران بلۆککرا و دەست بەسەر سامانەکانیشیاندا گیرا

نووسینگەی داواکاری گشتی ئێران، دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامان و بلۆککردنی هەژماری زیاتر لە 100 کەسایەتی دیاری ئێرانی راگەیاند، بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە "دوژمن."

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی نیسانی 2026، نووسینگەی داواکاری گشتی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سزایان بەسەر زیاتر لە 100 کەسایەتی دیاری ئێرانیدا سەپاندووە، راشیگەیاندووە، رێکارەکان بریتین لە دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی ئەو کەسانە و بلۆککردنی هەژمارەکانیان.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لیستەکە ژمارەیەک ئەکتەر و وەرزشوان و بەڕێوەبەر و رۆژنامەنووس لەخۆدەگرێت.

باس لەوەشکراوە، لەنێو ئەو کەسانەی کە سزایان بەسەردا سەپێندراوە، ئەو رۆژنامەنووسانەی تێدایە کە لە تۆڕەکانی ئیسرائیل ئینتەرناشناڵ و من و تۆ کاردەکەن، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر سەبارەت بە ناوەکان یان چۆنیەتی تۆمەتەکان ئاشکرا بکرێت.

 لە 9ـی ئاداردا ئێران هەڕەشەی لەو هاووڵاتییانەی خۆی کرد کە لە دەرەوەی وڵات دەژین، ئەگەر "لایەنگری دوژمن بن، یان پشتگیریان بکەن، یان هاوکاری دوژمن بکەن"، دەست بەسەر موڵک و ماڵی ئەوان لە وڵاتدا دەگیرێت.