سی ئای ئەی چۆن فڕۆکەوانە ئەمریکییەکەی رزگارکرد؟

بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، هەواڵگریی سی ئای ئەی بەشێوەیەکی چڕ بەشداری لە رزگارکردنی فڕۆکەوانەکە لە ئێران کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی ئاداری 2026، بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ بە کەناڵی 'سی بی ئێس نیووز'ـی راگەیاند، سی ئای ئەی بە شێوەیەکی چڕ بەشداری لە ئەرکی رزگارکردنی فڕۆکەوانەکەی فڕۆکە جەنگییەکەی ئێف 15E کردووە کە لە ئێران کەوتبووە خوارەوە.

ئەو بەرپرسە ئاشکرای کرد، پێش ئەوەی شوێنی فڕۆکەوانەکە دیاری بکرێت، سی ئای ئەی هەڵمەتێکی هەڵخەڵەتاندنی دەستپێکرد و زانیارییەکانی لەناو ئێراندا بڵاوکردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا پێشتر شوێنی فڕۆکەوانەکەیان دۆزیوەتەوە و لە رێگەی وشکانی دەیگوازنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، سی ئای ئەی تواناکانی خۆی لە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست بەکار هێنا، تاوەکو فڕۆکەوانەکە بچێتە ناو درزی شاخێکەوە.

گوتیشی: سی ئای ئەی بە وردی پێنتاگۆن و کۆشکی سپی لە شوێنی فڕۆکەوانەکە ئاگادار کردەوە، دۆناڵد ترەمپیش فەرمانی دا دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی ئەنجام بدرێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئەمرۆ یەکشەممە، 5ـی ئاداری 2026، رایگەیاند، سوپای ئەمریکا یەکێک لە بوێرترین ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردنی لە مێژووی ئەمریکادا ئەنجامداوە بۆ رزگارکردنی ئەو فڕۆکەوانە ئەمریکییەی کە فڕۆکە جەنگییەکەی لە ئێران خراوەتە خوارەوە.