یاریزانێکی فەلەستینی رکابەری مێسی دەکات

ویسام ئەبوو عەلی
ویسام ئەبوو عەلی

نزیکەی دوو مانگە وەرزی نوێی ساڵی 2026 خولی ئەمریکا ناسراو بە MLS دەستی پێکردووە و لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی ئینتەر مەیامی، هاوشێوەی وەرزی رابردوو بە تۆمار کردنی گۆڵەکانی، دەیەوێت رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی گۆڵکاری خولەکە بکات، بەڵام یاریزانێکی فەلەستینی ئەویش دەیەوێت ئەو خەڵاتە بباتەوە.

ویسام ئەبو عەلی یاریزانی فەلەستینی یانەی کولۆمبۆس، دوای پەیوەندی کردن بەو یانەیە لە کۆی شەش یاری رابردووی یانەکەی توانیویەتی 5 گۆڵ و ئاسیستێک بۆ یانەکەی تۆمار بکات، بۆیە زۆرێک پێیانوایە ئەو یاریزانە دەتوانێت رکابەری یاریزانە گەورەکانی هاوشێوەی مێسی بکات، بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی گۆڵکاری خولەکە.

ئەو یاریزانە لە یاری رابردووی یانەکەی بەرامبەر ئاتلانتا یونایتد لە گەڕی شەشەمی خولی ئەمریکا، توانی دوو گۆڵ و ئاسیستێک تۆمار بکات و ژمارەی گۆڵەکانیشی لەم وەرزە گەیاندە 5 گۆڵ و لە ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکە لە پلەی سێیەم دێت و پێشەنگ و دووەمی ریزبەندییەکە خاوەنی 7 گۆڵن.