بۆ چوارەمین جار؛ ترەمپ مۆڵەتی هێرشە وێرانکەرەکانی بۆ سەر ئێران درێژ کردەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ چوارەمین جار کاتی دوا مۆڵەتەی گۆڕی کە بۆ ئێرانی دیاری کردبوو، بەمەش مۆڵەتە 48 کاتژمێرییەکە بۆ 82 کاتژمێر درێژ کرایەوە. ترەمپ هۆشداری داوە کە ئەگەر تاوەکوو کاتژمێر 20:00ـی شەوی سێشەممە بە کاتی ئەمریکا (کە دەکاتە 3ـی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە بە کاتی هەولێر) رێککەوتن ئەنجام نەدرێت، فەرمانی وێرانکردنی تەواوەتیی ژێرخانی ئێران دەردەکات.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە سەرۆکی ئەمریکا بۆ چەند دەزگایەکی راگەیاندن ئاشکرای کردووە، مۆڵەتە 48 کاتژمێرییەکەی پێشوو کە رۆژی شەممە دەستی پێکردبوو، بڕیار بوو کاتژمێر 10:05ـی بەیانی رۆژی دووشەممە (بە کاتی خۆرهەڵاتی ئەمریکا) کۆتایی بێت. بەڵام لە پەیامێکی نوێدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ترەمپ کاتەکەی گۆڕی بۆ کاتژمێر 20:00ـی شەوی سێشەممە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ رەخساندنی دەرفەتێکی دیکەی کورت بۆ دیپلۆماسییەت.

ترەمپ لە لێدوانەکانیدا زمانی هەڕەشەی توندتری بەکارهێناوە و رایگەیاندووە: "ئەگەر تاوەکو رۆژی سێشەممە رێککەوتن نەکەن، من هەموو شتێک لەوێ دەتەقێنمەوە." ئامانجی سەرەکیی ئەم هەڕەشانە بریتین لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و ژێرخانە ستراتیژییەکانی تری ئێران، کە ترەمپ پێشتر بە رۆژی وێستگەکان و پردەکان ناوزەندی کردبوو.

ئەمە چوارەمین جارە کە سەرۆکی ئەمریکا کاتی هێرشە چاوەڕوانکراوەکانی دەگۆڕێت و مۆڵەتەکان درێژ دەکاتەوە. شارەزایانی سیاسی پێیان وایە ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتدا رەنگە دوو ئامانجی هەبێت؛ یەکەم، پێدانی دەرفەتی زیاتر بەو دانوستانە قووڵ و نهێنییانەی کە لە پشت پەردەوە لە ئارادان، دووەمیش، پەیڕەوکردنی جەنگێکی دەروونیی توند بۆ شڵەژاندنی ناوەندی بڕیار لە تاران و ناچارکردنیان بە خۆبەدەستەوەدان لە دوایین ساتەکاندا.

ئێستا جیهان چاوەڕێی کاتژمێر 20:00ـی شەوی سێشەممە دەکات بە کاتی واشنتن، تاوەکو بزانرێت ئایا ئەم درێژکردنەوەیەی مۆڵەتەکە دەبێتە هۆی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، یان ناوچەکە بەرەو قۆناغی وێرانکاریی گشتگیر هەنگاو دەنێت کە ترەمپ بەڵێنی داوە.