لاڤرۆڤ: زمانی هەڕەشە وەلا بنێن و بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانوستان
وەزیری دەرەوەی رووسیا، داوای لە واشنتن کرد زمانی هەڕەشە و دوا مۆڵەت وەلا بنێت و بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی دانوستان. ئەم هەڵوێستەی مۆسکۆ لە کاتێکدایە کە رووسیا بەهۆی کەوتنەخوارەوەی موشەکێکی ئەمریکی-ئیسرائیلی لە نێوان پەرژینەکانی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر، بڕیاری کشانەوەی بەپەلەی 198 کارمەندی خۆی لەو وێستگەیە داوە و هۆشداریی داوە.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـی نیسانی 2026، داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد کە کۆتایی بە پەیڕەوکردنی زمانی هەڕەشە و دوا مۆڵەت بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ سەر رێڕەوی دیپلۆماسی. ئەم داواکارییەی مۆسکۆ دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی وزە و گواستنەوەی ئێرانی کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، سێرگی لاڤرۆڤ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامداوە. لە پەیوەندییەکەدا لاڤرۆڤ هیوای خواستووە کە هەوڵەکانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان سەرکەوتوو بن، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە پاشەکشەکردنی ئەمریکا لە زمانی هەڕەشە مەرجی سەرەکییە بۆ سەرکەوتنی هەر هەوڵێکی ئاشتی.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، لاڤرۆڤ و عێراقچی بە توندی سەرکۆنەی هێرشە نایاساییەکانیان کرد بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکانی ئێران. هەردوو وەزیر داوایان لە واشنتن کرد چیتر وێستگە ئەتۆمییەکان و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان نەکاتە ئامانج، بەتایبەت وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر کە پسپۆڕانی رووسی تێیدا کار دەکەن.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییەی رووسیا لە کاتێکدایە کە مۆسکۆ رۆژی شەممە ئۆپراسیۆنێکی بەپەلەی بۆ کشاندنەوەی 198 کارمەندی خۆی لە وێستگەی بوشەهر دەستپێکرد، دوای ئەوەی مووشەکێکی هاوبەشی ئەمریکی-ئیسرائیلی لە نزیک پەرژینی وێستگەکە کەوتە خوارەوە و مەترسیی لەسەر ژیانی تیمە رووسییەکان دروست کرد.