سێیەم کاروانی ئاوارەکانی عەفرین دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و ناوچەکانیان
بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە، سێیەم کاروانی ئاوارەکانی عەفرین لە هەرێمی جەزیرەوە بەرەو زێدی خۆیان بەڕێ بکەون، ئەمەش دوای ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا.
بڕیار وایە، رۆژی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، سێیەم کاروانی ئاوارەکانی عەفرین کە لە 200 خێزان پێکهاتوون، لە هەرێمی جەزیرەوە بگەڕێنەوە بۆ عەفرین.
ئەم پرۆسەی گەڕانەوەیە دوای ئەوە دێت کە سەدان هەزار ئاوارەی عەفرین، کە زیاتر لە هەشت ساڵە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە ماڵ و موڵکی خۆیان جێهێشتووە، لە ئەنجامی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی دیمەشق دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ ڕەخساوە.
پێشتر لە کاروانی یەکەمدا 400 خێزان گەڕابوونەوە، هەروەها دوێنێ شەممە، دووەم کاروانی ئاوارەکانی عەفرین کە ژمارەیان ، 200 خێزان بوو گەیشتنەوە ناوچەکانی خۆیان لە عەفرین.
بە گەڕانەوەی ئەم کاروانە نوێیە، ژمارەی ئەو خێزانانەی لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتنەدا گەڕاونەتەوە، دەگاتە 800 خێزان.