وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئێران پێشنیازەکانی نێوەندگیرانی رەت کردووەتەوە
یەکشەممە 5ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد، کە هەوڵە چڕەکانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ هێورکردنەوەی جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران رووبەڕووی بنبەست بووەتەوە. وڵاتانی تورکیا، میسر و پاکستان نەیانتوانیوە تاران قایل بکەن بە دەستپێکردنی دانوستان یان راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پشتبەستن بە سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئامادەکراوە، لایەنی ئێرانی چەندین پێشنیازی نێوەندگیرانی رەت کردووەتەوە. یەکێک لە پێشنیازە سەرەکییەکان بریتی بووە لە کردنەوەی گەرووی هورمز لە بەرانبەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی لە لایەن ئەمریکاوە، بەڵام تاران بە توندی ئەم مەرجەی رەت کردووەتەوە.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژە بەوەش دەکات، کە سەرەڕای فشارە دیپلۆماسییەکانی ئەنقەرە، قاهیرە و ئیسلام ئاباد، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران رەتی دەکەنەوە هیچ جۆرە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئەنجام بدەن. تاران جەختی کردووەتەوە کە داواکارییەکانی واشنتن ئێستا بۆ ئەوان جێگەی قبووڵکردن نین.
ئەم پەککەوتنە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە مەترسییەکانی تێپەڕبوونی دوا مۆڵەتەکەی ترەمپ و وەشاندنی گورزی سەربازیی وێرانکەر بۆ سەر ژێرخانی ئێران لە ئارادایە.