وۆڵ ستریت جۆرناڵ: بەهۆی تێکشکاندنی دوو فڕۆکەوە واشنتن 200 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا دوو فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازیی خۆی لە ناوخۆی ئێران تێکشکاندووە، دوای ئەوەی لە کاتی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانێکی ونبوو تووشی کێشەی تەکنیکی ببوون.
یەکشەممە 5ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، واشنتن دوای ئەوەی لە ئۆپراسیۆنێکدا بۆ رزگارکردنی فڕۆکەوانە ونبووەکەی وڵآتەکەی نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت، دوو فڕۆکەی خۆی لە ناو خاکی ئێران تەقاندووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، تێچووی هەر فڕۆکەیەک لەوانە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارە، کە کۆی گشتی زیانەکان دەگەیەنێتە 200 ملیۆن دۆلار.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، فڕۆکەکان لە جۆری (MC-130J) بوون و بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە تایبەتەکاندا کردووە بۆ رزگارکردنی فڕۆکەوانێکی ئەمریکی کە فڕۆکە جەنگییەکەی لە جۆری (F-15) رۆژی هەینی لە ناوخۆی ئێران خرابووە خوارەوە.
باسی لەوەشکردووە، هەردوو فڕۆکەکە بەهۆی هۆکارێکی نادیار لەسەر زەوی گیریان خواردووە و دواتر لەلایەن سوپای ئەمریکاوە تێکشکێنراون بۆ ئەوەی نەکەونە دەست هێزەکانی ئێران.
تاوەکوو ئێستا حکوومەتی ئەمریکا بە فەرمی هیچ راگەیەندراوێکی دەربارەی تێکشکاندنی ئەو دوو فڕۆکەیە بڵاونەکردووەتەوە.
هاوکات رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" جەختی لەوە کردووەتەوە، پڕۆسەی گەڕان بەدوای فڕۆکەوانەکە رووبەڕووی ئاڵۆزی بووەتەوە و دوای پەککەوتنی دوو فڕۆکەکە، فڕۆکەی جێگرەوە نێردراون و فڕۆکە پەککەوتووەکان لەناو براون.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی "ئەسۆشیێتد پرێس" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە گواستوویەتییەوە، یەکێک لە فڕۆکەوانەکان هەر رۆژی هەینی رزگارکراوە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرەبەیانی یەکشەممە رزگارکردنی فڕۆکەوانەکەی دووەمیشی راگەیاند.
فڕۆکەکانی جۆری (MC-130J) بۆ گواستنەوەی هێزە تایبەتەکان، ئۆپەراسیۆنی چۆڵکردن و سووتەمەنیپێدانی فڕۆکەکان لە ئاسماندا بەکاردێن، ئەم فڕۆکانە خاوەنی سیستەمی پێشکەوتوون بۆ بەرپەرچدانەوەی سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکان و مووشەکەکان.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، لە 28ـی شوباتەوە، گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەلایەک و ئێران لەلایەکی ترەوە چوونەتە قۆناغێکی نوێوە، ئێران بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ئیسرائیل بە موشەک و درۆن بۆ سەر ئیسرائیل و بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، کە بووەتە هۆی لێکەوتەی زیانی مرۆیی و ماددی زۆر.